هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا دژ به‌ په‌که‌که‌ له‌ عێراق ده‌ستکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌

به‌شی وتار/ جیهان- تورکیا ئه‌مڕۆ له‌ جێگه‌یێکدایه‌ که‌ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو چوونکه‌ نه‌ ئاسایشی تورکیا دابین کراوه‌ و نه‌ کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ش ڕووی ئارامی و خوشگوزه‌رانییان بینیوه‌.

کوردپرێس:

تورکیا نزیکه‌ی چوار ده‌یه‌یه‌ که‌ هێرشی ئاسمانی و زه‌وینی دژی بنکه‌ و باره‌گای په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌کانی قه‌ندیل له‌ باکووری عێراق ئه‌نجام ده‌دات. له‌ ئێستادا تورکیا ئۆپه‌راسیۆنێکی دیکه‌ی به‌ ناوی چنگ دژی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێکردووه‌.

ڕۆژنامه‌یێکی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ ناوی ده‌یلی سه‌باح ڕاپۆرتی دا که‌ ئۆپه‌راسیۆنی چنگی ئه‌و وڵاته‌ به‌ مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی په‌که‌که‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی شاخاویی خواکورک که‌ زه‌مینه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی هێزی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیله‌وه‌ بۆ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینی عێراق فه‌راهه‌م ده‌کات و ئه‌و پارێزگایه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ سووریا.

په‌که‌که‌ که‌ له‌لایه‌ن تورکیا، ئه‌مریکا و یه‌کێتیی ئه‌ورووپاوه‌ وه‌ک ڕێکخراوی تیرۆریستی ده‌ناسرێت نزیکه‌ی 40 ساڵه‌ له‌ ڕێگای چاندنی بۆمبی سه‌ر ڕێگا و ڕفاندنی هێزه‌کانی تورکیا و کردنه‌ئامانجی بنکه‌ و باره‌گای سوپای تورکیا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات. شه‌ڕی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا نزیکه‌ی 4 هه‌زار و 550 کوژراوی به‌دواوه‌ بووه‌ که‌ به‌پێی ڕاپۆرتی گرووپی نێوده‌وڵه‌تیی قه‌یران نزیکه‌ی 323 که‌س له‌ باکووری عێراق گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رگی 3 سه‌ربازی تورکیا له‌ باکووری عێراق له‌ مانگی ئابی ڕابردوو و هاوکات کوژرانی سه‌ربازانی زیاتری ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگانی ڕابردوودا له‌وان کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکیا له‌ هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ ئه‌م پرسیاره‌ جیدییه‌ ئاراسته‌ بکرێت که‌ بۆچی تورکیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌نگاوه‌کانی هیچ ئه‌نجامێکی به‌دواوه نییه‌‌ هێشتا درێژه‌ به‌ کاره‌کانی ده‌دات؟

دروسته‌ که‌ کرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا له‌لایه‌ن ناسیۆنالیسته‌ تورک و توندڕه‌وه‌کانه‌ پشتیوانی لێده‌کرێت که‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان به‌ بۆنه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی سیاسییه‌وه‌ پشتی به‌وان به‌ستووه‌ به‌ڵام کرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا له‌ باکووری عێراق به‌ بۆنه‌ی تێچووی سه‌ربازی و هه‌روه‌ها ژماره‌ی کوژراوه‌کانی سوپای تورکیا داپه‌ڕێکی پڕ تێچوو له‌به‌رچاو ده‌گیردرێت.

له‌ کاتێکدا ئۆپه‌راسیۆنی چنگ له‌ مانگی مه‌ی 2019 ده‌ستی پێکرد میدیا لایه‌نگره‌که‌ی تورکیا ئیدعای کرد که‌ ئامانج له‌و کاره‌ له‌ناوبردنی نفووز و ده‌سه‌ڵاتی زۆری په‌که‌که‌ له‌ باکووری عێراقه‌. به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ڕێگای سه‌خڵه‌تی ناوچه‌که‌ و ئه‌وه‌ی که‌ سنووره‌کانی ئێران و عێراقه‌وه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ده‌لکێنێت ئامانجێکی وا زۆر به‌رزه‌فڕانه‌یه‌.

سوپای تورکیا یه‌که‌مین ئۆپه‌راسیۆنی به‌ربڵاوی سه‌ربازی به‌ ناوگه‌لێکی گه‌وره‌ وه‌ک ئۆپه‌راسیۆنی ئاسنین و پوتک له‌ ساڵانی 1992 و 1995 له‌ باکووری عێراق دژی په‌که‌که‌ ئه‌نجام دا که‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا هه‌زاران هێزی سوپای تورکیا به‌شدارییان کرد. ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ چ بوو؟ کشانه‌وه‌ی دووباره‌ی هێزه‌کانی سوپای تورکیا له‌ باکووری عێراق، مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ندیل و قوربانی‌بوونی هێزه‌کان و خه‌ڵکی سڤیل.

تورکیا ساڵی 2008 بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ و به‌ ئامانجی زه‌برلێدان له‌ ژێرخانه‌ سه‌ربازییه‌کانی په‌که‌که‌ هه‌زاران هێزی سوپای وڵاته‌که‌ی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ی خواکورک کرد. ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ گیانله‌ده‌ستدانی 24 سه‌رباز، سێ پاسه‌وانی گونده‌کان و داکه‌وتنی کۆپته‌رێکی کوبرا بوو. به‌ چ شتێک گه‌یشت؟ چه‌قبه‌ستووییی ستراتێژیک.

تورکیا له‌ مانگی مه‌ی نوێترین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی خۆی ده‌ست پێکرد که‌ به‌ وته‌ی خولووسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی تورکیا "زانیارییێکی نوێیان له‌باره‌ی چالاکیی هێزه‌کانی په‌که‌که‌" ده‌ست خستووه‌.

سه‌یری وێنه‌یێکی گه‌وره‌تر بکه‌ن: تورکیا له‌ ئێستادا خۆی له‌ شوێنێکدا ده‌بینێت که‌ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو چوونکه‌ به‌ره‌وڕووی شه‌ڕێکی قورس بۆته‌وه‌ که‌ نه‌ ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی تورکیا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و نه‌ خوشگوزه‌رانی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردی لایه‌نگری په‌که‌که‌ فه‌راهه‌م ده‌کات.

ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌کانی تورکیا له‌ باکووری عێراق کێشه‌ی دیپلۆماتیک له‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و حکوومه‌تی هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی به‌غدا -که‌ تورکیا قه‌ڵه‌مڕه‌و و سه‌روه‌ریی ئه‌وان پێشێل ده‌کات- دروست ده‌کات و ئه‌و مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی قایم له‌باره‌ی سوودمه‌ند نه‌بوون و بێ‌ئه‌نجامبوونی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ ڕوو ده‌دات.

ئایا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ئارادایه‌ که‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا ئیدعا ده‌کات ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌رکه‌وتنێکی یه‌کلایه‌نه‌ی بۆ ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ و به‌ ئامانجه‌که‌یان گه‌یشتوون یه‌ک یان دوو ساڵی‌تریش هه‌مان کار دووپات بکاته‌وه‌؟ خه‌ڵکی تورکیا گه‌مژه‌ نیین. ئه‌وان ده‌زانن که‌ ئه‌گه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی سه‌رکه‌وتووانه‌ بێت ته‌نها یه‌ک ئۆپه‌راسیۆنه‌ نه‌ک چه‌ند ئۆپه‌راسیۆن. ئایا ئه‌وان ده‌زانن؟

چه‌ندین ڕوونکردنه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌:

بۆ وڵاتێک که‌ میراته‌ مێژووییه‌که‌ی به‌ له‌ده‌ستدانی به‌شێکی هه‌ره‌گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌کانی له‌ ماوه‌ی دوایین ده‌یه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتووری عوسمانی گرێ خواردووه‌ تورکه‌کان له‌وه‌ی که‌ بیانه‌وێت هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان په‌ره‌ پێبده‌ن هه‌ست به‌ نائامنی ناکه‌ن. به‌شێکی به‌ بۆنه‌ی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می ئیمپراتووریای عوسمانییه‌ و نه‌ک هه‌موو ڕاستییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. نمایشه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کان به‌ بودجه‌یێکی به‌رفراوان ئه‌فسانه‌ی مێژوویی و هه‌ندێک ڕاستیی سه‌رکه‌وتنی عوسمانییه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر دوژمنانی بیانی له‌ ڕۆژانی ڕه‌مه‌زاندا نیشان ده‌ده‌ن.

دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌زانێت که‌ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ به‌ ژنه‌راڵه‌کانی بدات بچنه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌کانی عێراق که‌ ته‌قریبه‌ن هیچ که‌سی تێیدا ناژیت هیچ شتێک له‌ده‌ست نادات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ کارێکی وا مومکینه‌ وێنه‌ی وڵاتێکی به‌هێز، بوێر و شکست‌نه‌خواردوو پیشان بدات.

به‌ڵام پێده‌چێت گرینگترین هۆکار گوشار خستنه‌ سه‌ر هاووڵاتییانی تورکیا بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که‌ هه‌ندێک جار ده‌بێ له‌ ڕێگای وڵاتدا قوربانی بده‌ن. زۆربه‌ی به‌رنامه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی تورکیا باس له‌ شیوه‌ن و ڕه‌نج و ئازاری ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ ده‌کات که‌ کوڕه‌کانیان له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ له‌ هه‌مان چیا دوورخراوه‌کانی قه‌ندیل له‌ده‌ست داوه‌. هیچ که‌س نایه‌وێت وێنه‌یێکی وا ببینێت و له‌ ڕاستیدا هیچ که‌س نایه‌وێت له‌ده‌ستدانی ئازیزانی ببینێت به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌ هاووڵاتییانی تورکیا توانایان نییه‌ ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای تورکیا بخه‌نه‌ ژێر پرسیار چوونکه‌ تۆمه‌تی خه‌یانه‌ت ده‌خرێته‌ پاڵیان.

په‌که‌که‌ سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ ده‌زانێت و جاروبار هانی تورکیا ده‌دات بۆ کردنه‌ئامانجی باکووری عێراق هه‌روا که‌ له‌ ئه‌کته‌وبری 2013 ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجام دا. ئه‌نقه‌ره‌ ده‌قیقه‌ن له‌و مه‌یدانه‌ی په‌که‌که‌ یاریی کرد.

ئایا تورکیا هه‌ڵمه‌تێکی به‌دیلی هه‌یه‌؟

تورکیا ده‌توانێت عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی په‌که‌که‌ ئازاد بکات و په‌که‌ش ده‌توانێت پڕۆسه‌ی چه‌کداماڵین له‌ ڕێگای چاودێریی لایه‌نێکی سه‌ربه‌خۆ و تواناوه‌ جێبه‌جێ بکات به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ دوژمنایه‌تیی نێوان لایه‌نه‌کان ڕیشه‌ی کوتاوه‌ و بێ‌متمانه‌یی هه‌مبه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی پیشانده‌ری ئه‌گه‌ری ڕوونه‌دانی ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌.

ئه‌گه‌رێکی به‌هێزتر به‌رده‌وامیی ته‌قینه‌وه‌کانه‌ له‌ چیا چۆڵه‌کانی عێراق له‌ ماوه‌ی ساڵانی داهاتوودا.

سه‌رچاوه‌: هه‌فته‌نامه‌ی ئه‌هرام ویکلی

نووسه‌ر: ستفان ستار

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86054

Your Comment

You are replying to: .
captcha