رێککه‌وتنی نهێنی له ‌نێوان عێراق و تورکیا هه‌یه‌ بۆ به‌کارهێنانی سنوور

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ حکوومه‌تی عێراق ڕژدی نییه‌ بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر تورکیا و پێی وایه‌ جۆرێک له‌ ڕێککه‌وتن له ‌نێوان عێراق و تورکیادا هه‌یه‌ بۆ چاوپۆشی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا له‌ سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس:

هه‌رێم که‌مال ئاغا په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا له‌ خاکی کوردستان پێشێل کردنی ته‌واوی سیاده‌ی عێراق‌ و هه‌رێمی کوردستانه‌. هه‌رێمی کوردستان کارتی گوشاری زۆری به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌و پێشێلکارییانه‌ بکات و به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ده‌توانێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت."

ناوبراو زیادی کرد: "به‌ داخه‌وه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت یان به‌ شه‌رمنانه‌وه‌ تاوه‌کوو ئێستا هیچ به‌یاننامه‌یێکی نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی له‌ خاکی کوردستان ده‌کرێت."

په‌رله‌مانتاره‌که‌ی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی عێراق له‌ به‌رامبه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا گوتی: "دوای سه‌ردانی شاندێکی باڵای سه‌ربازی بۆ تورکیا ده‌نگی ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق وه‌کوو جاران نه‌ماوه‌ و بێده‌نگییێک له‌ عێراق هه‌یه و حکوومه‌تی عێراق ڕژدی نییه‌ بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر تورکیا و پێموایه‌ ڕێککه‌وتنێکی نهێنی له ‌نێوان عێراق و تورکیادا هه‌یه‌ بۆ به‌کارهێنانی سنوور هه‌ر بۆیه‌ش حکوومه‌تی عێراق له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکارییه‌ بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌ که‌ ئه‌مه‌ش شه‌رمه‌زارییێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ عێراق."

بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ڕژدی بێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان ده‌یکات هه‌رێم که‌مال ئاغا ده‌ڵێت: ده‌بێ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵوێستی توندتری هه‌بێت و "پێم وایه‌ بێده‌نگیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وای کردووه‌ تورکیا ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی به‌هێزتر بکات."

ناوبراو به‌ پێویستیشی ده‌زانێت "هێزه‌کانی په‌که‌که‌ موراعاتی خه‌ڵکی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش له‌ به‌غدا قسه‌مان هه‌بێت و ناوچه‌که‌ نه‌بێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان په‌که‌که ‌و تورکیا."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86052

Your Comment

You are replying to: .
captcha