کوردپرێس: بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان کە بە سەردانێک لە بەغدایە بۆ پێشکەش کردنى زانیارى و بەدواداچوون بۆ کەیسى ونبووانى هەرێمى کوردستان، بە سبەى-ی راگەیاند: عێراق لە ریزبەندى یەکەمى ئەو وڵاتانەیە کە رێژەى بێسەروشوینبووان تێیدا زۆرە و لەناو عێراقیشدا پشکى شێر بەر کورد کەوتووە لەبەر دوو هۆکار یەکێکیان ئەوەیە ئەو شەڕانەى لە ناوچەکە روویداوە کورد قوربانى بووە تێیاندا، دووەمیان ئەو سیاسەتانەیە کە دژى کورد گیراونەتە بەر لە کۆمەڵکوژیى و راوەدوونان و کوشتن و گرتن.
بریکاری وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لەئەنجامى شەڕ و دۆخى ئاڵۆز و لەسەر دەستى رژێمە یەکلەدواى یەکەکانەوە نزیکەى 222 هەزار هاوڵاتیى هەرێمى کوردستان لە تەواوى پێکهاتەکان بێسەروشوێن بوون، ئەمڕۆش یاداشت و وردەکارى ئەو بابەتەمان بە روونى پشاندا بۆئەوەى حکوومەتى عێراق بوودجەیێکى باشتر و زیاتر بۆ گەڕان و سۆراغ بەدواى ونبووان و بێسەروشوێنبواندا بکات".
لەبارەى هەوڵەکان بۆ ئاشکرا کردنى چارەنووسى بێسەروشوێنکراوان و سۆراخکردنیان، بریکارەکەى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: "چەند لیژنەیێک لە عێراق پێکهێنراون بۆ ئەو پرسانە، لیژنەیێک بۆ شەڕى ئێران و عێراق، لیژنەیێکى شەڕى کوەیت و عێراق و لیژنەیێکى دیکەش کە تیمێکى نیشتیمانییە کار لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکات لە سەماوە و شەنگال".
هەروەک ئاشکراى دەکات ئەوانەى لە زیندان و گرتووخانەکاندا بوون سۆراخیان دیارە، بەڵام هەرە زۆرى ئەو بێسەروشوێنبوانە کە 90%ى دەبێت، هێشتا بێ سۆراخن، "بەوپێیەى تاوانى رێکخراوى بەرنامە بۆ داڕێژراو دژ بە گەلى کورد ئەنجام دراوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment