ئه‌حمه‌د تورک داوای هه‌ڵوێست‌نواندنی سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌یان ده‌کات

به‌شی تورکیا- ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی دوورخراوه‌ی گه‌وره‌شاره‌وانیی مێردین باسی له‌وه‌ کرد "ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌رامبه‌ر کورد په‌یڕه‌و ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌یه‌ بێده‌نگی بکه‌ن" و داواشی کرد سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی کوردستان ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و بیگه‌یه‌ننه‌ جیهان و تورکیا.

کوردپرێس:

ئه‌حمه‌د تورک هاوسه‌رۆکی دوورخراوه‌ی گه‌وره‌شاره‌وانیی مێردین به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ ده‌خوازین له‌ تورکیا گۆڕانکارییێکی گه‌وره‌ له‌ ڕووی ئاشتی و مافه‌کانی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌موو گه‌ل ڕوو بدات و تێکۆشان و داخوازییه‌کانی ئێمه‌ش بۆ پاشه‌ڕۆژی گه‌لی کورد و ئازادیی و دیموکراسییه‌. خه‌باتی ئێمه‌ ته‌نها بۆ گه‌لی کورد نییه‌ به‌ڵکوو ئێمه‌ ده‌خوازین دیموکراسییه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌ بێته‌دی چوونکه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر دیموکراسییه‌ت نه‌یێته‌دی ئاڵۆزی و ئاسته‌نگی له‌پێشی ته‌واوی گه‌لانه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی سه‌رکه‌وتنی جه‌هه‌په‌ له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی تورکیا به ‌سه‌ر پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغان زیادی کرد: "ئێمه‌ باش ده‌زانین که‌ (ئیستانبوڵ، ئه‌نقه‌ره‌، ئیزمیر، میرسین، ئه‌نتالیا، خه‌تای، ئه‌ده‌نه‌) به‌ ده‌نگی ئێمه‌ گۆڕانکاری تیایاندا ڕووی دا چوونکه‌ ده‌نگی ئێمه‌ له‌و شارانه‌ زیاتر له‌ 12%ه‌ که‌ ئه‌وه‌ش ده‌نگێکی زۆره‌ بۆیه‌ له‌ ئێستادا ده‌یانه‌وێت ده‌نگی گه‌لی کورد نه‌هێڵن بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ناو کورددا یه‌کێتییه‌کی گه‌وره‌ دروست ببێت."

ئه‌حمه‌د تورک گوتیشی: جه‌هه‌په‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ دۆزی دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆک شاره‌وانییه‌ کورده‌کان به‌ڵام به ‌ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ و داوا له‌ خه‌ڵک و سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی کوردستانیش ده‌کات ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر دانانی قه‌یوومه‌کان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وان بگه‌یه‌ننه‌ جیهان و تورکیا چوونکه‌ "ئه‌وه‌ کێماسییێکی زۆر گه‌وره‌یه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان بێده‌نگ بێت."

هاوسه‌رۆکی دوورخراوه‌ی گه‌وره‌شاره‌وانیی که‌ له ‌ئێستادا قیوومێک خراوه‌ته‌ شوێنه‌که‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ خراوه‌ته‌ پاڵ شاره‌وانییه‌کان به‌وه‌ی که‌ قه‌رزدار بوون و هاوکاریی په‌که‌که‌یان کردبێت و وتی: "کاتێک له‌ شاره‌وانیی ده‌ستبه‌کار بووین "پاره‌ی دوو قاڵب سابوونیان نه‌بووه‌ و شاره‌وانییه‌کان به‌ پاره‌یێکی زۆر قه‌رزدار کرابوون و ئه‌وانه‌ش که‌ کاربه‌ده‌ستی داراییی شاره‌وانییه‌کان بوون که‌سانی تورک بوون نه‌ک کورد".

ئه‌حمه‌د تورک سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری دوورخستنه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌کانیان ڕای‌گه‌یاند: ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ تۆڵه‌ی ئیسته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌ده‌په‌ بکاته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت له ‌ڕێگه‌ی قیوومه‌کانه‌وه‌ کورد بێده‌نگ بکه‌ن به‌ڵام ئێستا نه‌ک ته‌نیا کورد به‌ڵکوو گه‌لی تورکیش دژی دانانی قه‌یوومه‌کانن.

ناوبراو که‌ ماوه‌ی 50 ساڵه‌ کاری سیاسی ده‌کات ڕاشی‌گه‌یاند: "زوڵمی زۆر له‌ گه‌لی کورد له‌ تورکیا کراوه‌"، ئێستاش هه‌موو کاره‌کان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیایه‌ و په‌رله‌مان ڕۆڵی له‌سه‌ر حکوومه‌ت و وه‌زیره‌کان نه‌ماوه‌."

هاوسه‌رۆکی دوورخراوه‌ی گه‌وره‌شاره‌وانیی مێردین باسی له‌وه‌ کرد که‌ سه‌رۆکی جه‌هه‌په‌ به ‌قه‌یومکرانی شاره‌وانییه‌کانی به‌ سته‌م ناو بردووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نییه‌ و ده‌بێ جه‌هه‌په‌ ده‌نگ به‌رز بکاته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د تورک زیادی کرد: هه‌ده‌په‌ ڕۆژی 1ی ئه‌یلوولی 2019 "هاوپه‌یمانیی دیموکراسی" ڕاده‌گه‌یه‌نێت و داوای له‌ جه‌هه‌په‌، پارتی سه‌عاده‌ت و هه‌موو حیزبه‌ کوردییه‌کانی تورکیا کردووه‌ بێنه‌ نێو هاوپه‌یمانییه‌که‌ به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێکیان به فه‌رمی وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه و چاویان له‌وه‌یه‌ جه‌هه‌په‌ پاڵپشتییان لێبکات. هاوپه‌یمانیی دیموکراسی پرۆژه‌ی هه‌ده‌په‌یه‌ بۆ گۆڕینی ده‌ستووری تورکیا و نه‌خشه‌ڕێگه‌یێکه‌ بۆ "دیموکراسی‌کردنی تورکیا" که‌ هه‌ده‌په‌ له‌ دژی ئاکپارتی و مه‌هه‌په‌ دایناوه‌ چوونکه‌ پێی وایه‌ "ئه‌و دووانه‌ هۆکاری کێشه‌کانی تورکیان".

ناوبراو زیاتر وتی: هه‌ده‌په‌ بۆ سه‌رخستنی هاوپه‌یمانیی دیموکراسی هه‌موو هیوایێکی به‌ جه‌هه‌په‌یه که‌ له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی هاوپه‌یمان نه‌بوون به‌ڵام هه‌ردوولا یارمه‌تیی یه‌کدیان داوه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا جه‌هه‌په‌ یارمه‌تیی هه‌ده‌په‌ی دا و له‌ هه‌ڵبژاردنی 2019ی شاره‌وانییه‌کانی تورکیاش هه‌ده‌په‌ یارمه‌تیی جه‌هه‌په‌ی دا.

هاوکات سه‌زایی ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ش له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانیی دیموکراسی له‌لایه‌ن پارته‌که‌یه‌وه‌ زیادی کرد: به‌ر له‌وه‌ی حکوومه‌ت قه‌یوم له‌سه‌ر شاره‌وانییه‌کانی هه‌ده‌په‌ دابنێ، پلانی ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانیی دیموکراسیمان هه‌بووه‌ و داوا له‌ ته‌واوی پارته‌کان ده‌که‌ین، جه‌هه‌په‌ و پارته‌کانی دیکه‌ش؛ ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ تێیداین تێنه‌په‌ڕێت. هه‌موومان ده‌ستمان ده‌خه‌ینه‌ ژێر قورساییی به‌رد و ئه‌و به‌رده‌ لا ده‌به‌ین و ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕین. به‌رپرسیاریێتیی سه‌رشانی هه‌موومان ئه‌مه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌نجامت دا ده‌توانی له‌ سیاسه‌تدا هه‌بیت و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌که‌ن سیاسه‌ت له ‌نێوتان ده‌بات. پارتی کۆماریخوازی گه‌ل که‌ پارتێکی به‌ئه‌زموونه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌مه‌ ده‌کات و له‌ دیداره‌که‌شماندا ئه‌مه‌مان له‌وان بینی.

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 31-8-2019 ئه‌کره‌م ئیمامئۆغڵو سه‌رۆکی گه‌وره‌شاره‌وانیی ئیسته‌نبوڵ سه‌ردانی ئامه‌د بکات و چاوه‌ڕێ ده‌کرێ دوای سه‌ردان کردنی لقی پارته‌که‌ی بچێته‌ سه‌ر گۆڕی تاهیر ئه‌لچی سه‌رۆکی پێشووی سه‌ندیکای پارێزه‌رانی ئامه‌د و دواتر له‌گه‌ڵ عه‌دنان سه‌لجووق مزراکڵی سه‌رۆکی گه‌وره‌شاره‌وانیی دوورخراوه‌ی ئامه‌د کۆ ببێته‌وه‌ و کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌ڤانی ساز بکات که‌ به‌رپرسانی هه‌ده‌په‌ ده‌یانه‌وێ سوود له‌و سه‌ردانه‌ وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی گوشارێکی زیاتر له‌سه‌ر حکوومه‌ت دروست بکرێت تاوه‌کوو "واز له‌ سیاسه‌تی توندی به‌رامبه‌ر هه‌ده‌په‌" بهێنێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86038

Your Comment

You are replying to: .
captcha