بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەمە 6ی خەرمانانی 1398 بەرانبەر بە 28ی ئابی 2019 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەردانی مالیزیای کردبوو لە لێدوانێکدا باسی دەنگۆی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد و ڕایگەیاند تا ئەو کاتە ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆ ئابوورییەکان هەڵنەگرێت هیچ گفتوگۆیێک لەگەڵ واشەنتن ناکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی ئەمریکا بە سزا ئابوورییەکانی خۆی دەستی داوەتە تیرۆری ئابووریی گەل و دەوڵەتی ئێران و ئەمەش قبووڵ ناکرێت.
زەریف جەختیشی کردەوە ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت گفتوگۆ بکات مەرجی گفتوگۆ کردن ئەوەیە بگەڕێتەوە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک و سزا ئابوورییەکان هەڵوەشێنێتەوە.
لای خۆیەوە هەر لەم هەفتەیەدا حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران وتبووی ئەگەر بڕیار بێت لە جێگایێک لەگەڵ کەسێک دیدار بکات کە بەرژەوەندیی خەڵکی وڵاتەکەیی تێدا بێت ئەوا لاریی لە دیدارکردن و گفتوگۆ کردن نیە بەڵام ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکی جیاوازدا ڕایگەیاند هیچ گفتوگۆ و دانووستانێک لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت مەگەر ئەوەی هەموو سزا ئابوورییەکان هەڵوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک واژۆ کراوە.
شەوی ڕابردووش سەید عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە کە هیچ گفتوگۆیێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئێران و ئەمریکا ناکرێت چوونکە ئێران لە ژێر سیاسەتی گوشاردا مل بە گفتوگۆ کردن نادات.
لێدوانەکەی زەریف و تیمی دەوڵەت لە کاتێکدایە پێشتر ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بە ڕژدی پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە کە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەمریکا وەک ژار وایە و لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئەمریکا بەتایبەتی ژاری دووبارەیە و ئەوەی ئێرانیی خاوەن کەرامەت بێت لەگەڵ ئەم دەوڵەتەی ئەمریکا دانانیشێت و گفتوگۆ ناکات.
Your Comment