وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم هۆشداری له‌ جموجووڵه‌كانی داعش ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی کونسووڵگه‌ری هه‌نگاریا و ئۆفیسی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ولێر کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌شدا هۆشداری له‌ پلانی تازه‌ و جموجووڵی شاراوه‌ی چه‌کدارانی داعش دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كوونسووڵگه‌ری وڵاتی هه‌نگاریا و ئۆفیسی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی میكلۆش سابۆ جێگری سه‌ركونسووڵی هه‌نگاریا له‌ هه‌ولێر کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ستایشی هه‌وڵ و ماندووبوونی فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌كانی هه‌نگاریای له‌ هه‌رێم كرد و به‌خێرهاتنی فه‌رمانده‌ی نوێی ئه‌و هێزه‌ی له‌ هه‌رێم كرد.

ناوبراو وتیشی: ئێمه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ یادتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ مێژووی خۆماندا تۆماری ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆژانێكی سه‌خت ئێوه‌ هاوكارمان بوون و وه‌ک دۆستی هه‌میشه‌یی ئێمه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و بوونی ئێوه ‌و هاوپه‌یمانان له ‌ئێستادا جێی بایه‌خی زۆری ئێمه‌یه‌، له ‌كاتێكدا تیرۆریستانی داعش خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌ن و له‌ ڕێگه‌ی جموجووڵی شاراوه‌وه‌ به‌رنامه‌یان داڕشتووه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆكی شانده‌كه‌ به ‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی ڕاگه‌یاند که‌‌ ئــه‌ركی (تۆماس كیش ڤاری) به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی سه‌ربازی له‌ هه‌رێم كۆتایی هات و (ژۆڵت ڤارگا) وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ئۆفیسی په‌یوه‌ندیی سه‌ربازی له‌ كونسووڵگه‌ری هه‌نگاریا ده‌ست به‌كار ده‌بێت.

له ‌كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رده‌وامیی مه‌شق و ڕاهێنان به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85990

Your Comment

You are replying to: .
captcha