ناوەرۆکی پرێس کۆنفڕانسی هاوبەشی ئەردۆغان و پووتین

بەشی تورکیا- کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی ئەردۆغان و پووتین لە ڕووسیا بەڕێوە چوو و لەو پرێس کۆنفڕانسەدا سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "بە بیانووی بوونی تیرۆرەوە، هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل قبووڵ ناکرێ".

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 27ی ئابی 2019 سەرکۆماری تورکیا لە میانی سەردانیدا بۆ مۆسکۆ، کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پووتین رێکخست.

لە کۆنگرەکەدا سەرەتا سەرۆکی رووسیا قسەی کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا بەشێوەیە بەرامبەر و لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندییەکان بەرەوپێش دەچێت".

پووتین گوتیشی: "رووسیا و تورکیا لەسەر چارەسەری قەیرانی سووریا بەردەوام دەبن لەکارە بەرهەمدارەکانی لەسەر شێوازی پرۆسەی ئاستانا".

لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە پووتین رایگەیاند زۆر نیگەرانن لە دۆخی ئیدلب و گوتیشی: "چوارچێوەی رێوشوێنی زیاتری لەناوبردنی تیرۆریستانمان دیاری کرد".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ڕووسیا باسی لە ناوچەی ئارام کرد و رایگەیاند: "پێکهێنانی ناوچەیێکی ئارام لە باشووری سنوورەکانی تورکیادا، لە ڕووی یەکپارچەییی خاکی سووریاوە هەنگاوێکی ئەرێنییە".

دواتر سەرکۆماری تورکیا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا لەبارەی ئیدلبەوە گوتی: "بە بیانووی بوونی تیرۆرەوە، هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە لایەن حکوومەتی سووریاوە، قبووڵ ناکرێ".

ئەردۆغان زیادی کرد: "بەندەکانی رێکەوتنی سۆچی تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین پابەندیان بین کە دەوڵەتی سووریا کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێ" و هەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە هێرشەکانی رژێمدا لە ئیدلب لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا ٥٠٠ کەسی بێتاوان زیاتر گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسی مەدەنی بریندار بوون".

لەبارەی هێرشەکانی سەر سنووریشەوە ئەردۆغان گوتی: "بەتایبەتی بە درێژایی سنوورەکانمان وا لە ئێمە دەکات بەرگریی لەخۆمان بکەین و هەنگاوی پێویست بنێن لەکاتی پێویستدا".

سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە: "هیوامان ئەوەیە کە ئەو خوێنڕشتنە بوەستێنین، هەوڵ دەدەین سووریای دراوسێمان بگات بە خۆشگوزەرانی کە ماوەی ٨ ساڵە ئاواتیانە پێی بگەن" و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە: "هەتا ئەم دەستدرێژییانە بەردەوام بێت ناتوانین ئێمە بێ دەسەڵات راوەستین. ئێستا کە ئامادەکاری دەکەین لە سەر سنوور هەمووی بۆ ئەمەیە".

لەبارەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ رووسیا لە بوای بەرگریدا، ئەردۆغان رایگەیاند: "دەمانەوێت پاڵپشتییەکانمان لە پیشەسازیی بەرگری و زۆر بواردا بەردەوامی پێ بدەین. ئەمە دەکرێت لەبواری فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی گەشتیاریشدا بێت. هەمووی بەستراوەتەوە بە رۆحیەتی پاڵپشتییەوە".

لەبارەی هاریکارییەکانی هەریەک لە تورکیا و رووسیا لەبەرامبەر Su-35 پووتین رایگەیاند،: "لەبارەی تێکەڵکردنی رادار، رۆکێتەکان، بوارەکانی گۆڕانکاری سیستەمەکانی بەرگرییەوە، تێبینیمان نووسیوە، بەخێرایی بەرەوپێشیان دەبەین". هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند: "دەکرێت لەبواری Su-35ەوە کاری هاوبەش بەڕێوە ببرێت. دەکرێت لەسەر Su-35 هاریکاری هەبێت. توانامان هەیە".

News ID 85967

Your Comment

You are replying to: .
captcha