کوردپرێس:
ئومێد خۆشناو، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، دوای كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی و تێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەبووە، بڕیار درا كە كار لەسەر چاكسازی بكرێت و جارێكی دیكە پڕۆژەكە ببرێتەوە پەرلەمان، وەكخۆی ئاماژەی پێدا ئەمجارە ئامادەكاریی باشتری بۆ دەكرێت، ئەویش لە پێناو پێكانی ئامانجەكانی.
ناوبراو ڕوونی كردەوە، كە لیژنەیێک بۆ ئەو مەبەستە پێك هێندراوە كە پێكهاتوون لە حكوومەت و پەرلەمانیش، سەرۆك فڕاكسیۆنەكانی ئەو لایەنانەی بەشدارن لە كابینەی نۆیەمدا پێنج كەس دیاری كران وەك ئەندامانی لیژنەی پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی حكوومەت ئامادەكاری بۆ رەشنووسی پڕۆژەكە دەكەن، كە دواتر بهێندرێتە پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی دەگیرێنە بەر.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، كە لە چەند رۆژی دابێت، هەردوو لیژنەی پەرلەمان و حكوومەت بۆ ئەو مەبەستە كۆدەبنەوە.
Your Comment