به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جاشوا لاندێس سه‌رۆکی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانکۆی ئۆکلاهما پێی وایه که ئامانجی ئه‌مریکا بۆ مانه‌وه‌ی له باکووری سووریا دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆسه‌ر له‌و ناوچه‌یه و به‌کارهێنانی ئه‌و بابه‌ته وه‌ک کارتێکی گوشاری بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریایه.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌کات که له ساڵی 2014وه ئه‌مریکا له سووریا ماوه‌ته‌وه و به ته‌له‌فزیۆنی ئینگلیزی زمانی ئه‌لجه‌زیره‌ی وت: له نێوان داموده‌زگاکانی ئه‌مریکا ڕاجیاوازیی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته له سووریا هه‌یه و له ڕاستیدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ته‌ئکید ده‌کاته‌وه که به‌پێی به‌ڵێنه‌کانی هه‌ڵبژاردنی خۆی ده‌یهه‌وێت هێزه‌کانیان له سووریا بکشێته‌وه به‌ڵام دیکه‌ی داموده‌زگاکان وه‌ک کۆنگرێس، وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌یانهه‌وێت قه‌ناعه‌ت به ناوبراو بهێنن که به‌رده‌وامیی مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له باکووری سووریا له به‌رژه‌وه‌ندیی واشنتندایه.
دوکتۆر جاشوا لاندێس له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆسه‌ر له باکووری سووریا سه‌ر بکه‌وێت به‌ره‌وڕووی کێشه و گرفتێکی زۆر ده‌بێته‌وه که یه‌ک له‌وان ناکۆکییه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌یه.
ناوبراو ئامانجی واشنتن بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆسه‌ر له باکووری سووریا به‌کارهێنانی ئه‌و بابه‌ته وه‌ک کارتێک بۆ لاوازکردن یان گۆڕینی حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا وه‌سف ده‌کات.
مامۆستاکه‌ی زانکۆی ئۆکلاهما له‌باره‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر هێزی کوردی سووریا گوتیشی: ئه‌مریکا به پێچه‌وانه‌ی تورکیا، هێزی کوردی سووریا سه‌ر به په‌که‌که و "تیرۆریست" نازانێت به‌م بۆنه‌وه به‌رده‌وامه له پشتیوانی‌کردنی ئه‌وان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment