یۆناتن بت کۆلیان سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان ئاماژه‌ی به دۆخی ئاشوورییه‌کانی عێراق و سووریا کرد و به کوردپرێسی وت: حه‌شیمه‌تی ئاشوورییه‌کانی عێراق یه‌ک ملیۆن و 300 هه‌زار که‌س و حه‌شیمه‌تی ئاشوورییه‌کانی سووریاش یه‌ک ملیۆن و 600 هه‌زار که‌س به‌راورد ده‌کرێت که له ئێستادا دوو له‌سه‌ر سێی حه‌شیمه‌تی ئاشوورییه‌کانی ئه‌و دوو وڵاته ئاواره بوونه.
ناوبراو زیادی کرد: زیاترین ژماره‌ی ئاواره ئاشوورییه‌کان به‌ره‌و ئۆردۆن و لوبنان و تورکیا کۆچیان کردووه و ژماره‌یێک له ئاشوورییه‌کانیش ڕێگای ئه‌ورووپا و ئه‌مریکایان گرتۆته به‌ر.
سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان ئاماژه‌ی به‌وه کرد که پێکهاته‌ی ئاشووریی عێراق ماڵ و سامانی خۆیانیان له‌ده‌ست داوه و گوتی: له کاتی هێرشی داعش بۆ سه‌ر عێراق ئاشوورییه‌کان به‌ره‌وڕووی دڕندایه‌تی و وه‌حشیگه‌ریی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه بوونه‌وه و ناچار بوون ماڵ و سامانی خۆیان به‌جێبێڵن و ئاواره‌ی وڵاتانی‌تر بن.
ناوبراو ئاماژه‌ی به ده‌وری ئێران کرد بۆ یارمه‌تی‌گه‌یاندن به ئاواره ئاشوورییه‌کان و جه‌ختی کرده‌وه: ئێمه له ئێران‌دا بۆ یارمه‌تی‌گه‌یاندن به ئاواره ئاشوورییه‌کان هه‌وڵ و ته‌قه‌لایێکی زۆرمان دا. هیچ ڕێگایێکمان بۆ یارمه‌تی‌گه‌یاندن به ئاواره ئاشوورییه‌کانی سووریا نه‌بوو که بتوانین یارمه‌تییان پێبده‌ین به‌ڵام له ڕێگای مانگی سووره‌وه یارمه‌تیێکی فراوانمان بۆ ئاشوورییه‌کانی عێراق نارد. ئێمه نزیکه‌ی 7 جار لۆریی یارمه‌تیمان بۆ ئاواره ئاشوورییه‌کانی عێراق نارد که خوارده‌مه‌نی، په‌توو و به‌تانی پێ‌بوو.
یۆناتن بت کۆلیان سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان ئاماژه به‌وه ده‌کات که ده‌بێ ئێران نموونه‌یێک بۆ پێکه‌وه‌ژیانی هه‌موو ئیتنیک و ئایینه‌کانی جیهان بێت و جه‌ختی کرده‌وه که به سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانم وتووه که جیهان ده‌بێ له ئێرانه‌وه فێر بێت چوونکه هه‌موو ئایینه ئیبراهیمییه‌کان له دۆستی و برایه‌تیدا له وڵاتی ئێمه‌دا ده‌ژین.
ناوبراو ئاماژه‌ی به هه‌ندێک جموجووڵ کرد بۆ ڕێگرتن له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاشووری بۆ خانووه‌کانیان و گوتیشی: له هه‌ندێک ناوچه‌ی ئاشووری‌نشینی عێراق ژماره‌یێک که‌سانی خۆجێیی ناوچه‌که خانووی ئاواره ئاشوورییه‌کانیان داگیر کردووه و ڕێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاشووری بۆ خانووه‌کانیان ناده‌ن. ئه‌مه شتێکه که به دوای هه‌ر شه‌ڕ و پێکدادانێک ڕوو ده‌دات و ده‌بێته ڕه‌فتارێکی تاکلایه‌نه و ڕێگر ده‌بێت له گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئاواره بۆ خاک و وڵاته‌که‌یان.
بت کۆلیان له وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره‌ی که ده‌وری ئاشوورییه‌کان له سه‌رده‌می پاش داعش له پێکهاته‌ی سیاسیی عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن گوتی: وه‌ک سکرتێری گشتیی یه‌کێتیی ئاشوورییه‌کانی جیهان چه‌ندین دیدارم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق ئه‌نجام داوه چ ئه‌و کاته‌ی که سه‌ردانی تاران و په‌رله‌مانیان کرد و چ ئه‌و کاته‌ی که خۆم سه‌ردانی عێراقم کرد و داوام لێیان کرد که ئاوڕێکی زیاتر له دۆخی ئاشوورییه‌کان بده‌نه‌وه و له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا پێگه‌یێکی باش بۆ ئه‌وان ته‌رخان بکرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment