به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ندێک کێشه و گرفتی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له کاتی به‌فه‌رمی ناسینی ئه‌و ناوچه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه تاوه‌کوو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه له‌وانه ته‌رخاندانی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتیی عێراق، فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن کورد و چاره‌نووسی ناوچه جێناکۆکه‌کان. ژماره‌یێک کێشه و گرفتی دیکه‌ش وه‌ک که‌مبوونه‌وه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له به‌رانبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی حه‌شیمه‌تی زۆری عه‌ره‌ب له عێراق و هه‌روه‌ها په‌لکێشکرانی ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و په‌که‌که بۆ ناو خاکی عێراقیش له‌ئارادایه. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د وائیلی چاودێری کاروباری عێراق ئه‌نجام داوه بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی ناوبراو له‌باره‌ی کێشه و ڕێچارهکانییهوه بزانێت. له درێژه‌دا ده‌قی دیمانه‌ی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د وائیلی چاودێری کاروباری عێراق له‌باره‌ی کێشه و ناکۆکییه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق پێشکه‌شتان ده‌کرێت:
کوردپرێس: به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که مه‌سروور بارزانی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران و نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه ده‌به‌ن ئایا ده‌توانن کێشه و گرفتی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟ هه‌ندێک مه‌سه‌له وه‌ک که‌رکووک له چ ڕێگایێکه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟
محه‌مه‌د وائیلی: له کاتێکدا هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی دژوار وه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا ئاراسته ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته به له‌به‌رچاوگرتنی ڕاستییه‌کانی ئێستا په‌یوه‌ندییێکی به‌وه‌وه نییه که چ که‌سێک حکوومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه. به دڵنیاییه‌وه، له کاتێکدا مه‌سروور و نێچیرڤان بارزانی حکوومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه گرت هه‌ندێک نیشانه‌یان له‌باره‌ی خواسته‌کان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رخست و هه‌روه‌ها ڕێبازێکیان نه‌خشاند که ده‌بێ کورد کاروباره‌کانی ئه‌نجام بدات.
به‌م حاڵه‌شه‌وه، نابێت له بیری بکه‌ینه‌وه که سیاسه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌ره به‌ره که‌وتۆته ده‌ست پارتی دیموکراتی کوردستان. مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی پۆستێکی فه‌رمی به‌ده‌سته‌وه نییه به‌ڵام بڕیاره هه‌ره‌گرینگه‌کان له هه‌رێمی کوردستان ده‌دات. که‌واته، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی که ئامۆزاکان (نێچیرڤان و مه‌سروور) ڕایانگه‌یاندووه ناتوانین چاوه‌ڕوانی گۆڕانکارییێکی گه‌وره بین.
بۆ نموونه، مه‌سروور بارزانی له یادداشتێکدا که له ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاو کرایه‌وه باسی له ئه‌وله‌ویه‌تییه‌کانی خۆی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی هه‌رێمی کوردستان کرد. ناوبراو به شێوه‌یێکی به‌رجه‌سته له‌باره‌ی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و ده‌ورێکی جیاواز قسه‌ی کرد که هه‌رێمی کوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بینی و ناوبراو ته‌نانه‌ت به شێوه‌یێکی نه‌رمتر ڕه‌خنه‌ی له کۆمه‌ڵگای جیهانی گرت به بۆنه‌ی پشتیوانینهکردنیان له به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆییی له‌لایه‌ن کورد که ساڵی 2017 به‌ڕێوه چوو. ناوبراو پێی خۆش بوو له یادداشته‌که‌یدا له‌باره‌ی ڕه‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی مه‌سه‌له‌ی کورد و هیواکان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی له کورد قسه بکات. هه‌ڵبه‌ت مه‌سروور بارزانی له یادداشته‌که‌یدا باسی له هه‌وڵه‌کان کردبوو بۆ گه‌یشتن به ڕێککه‌وتنێکی عادڵانه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بودجه که بنه‌مای سه‌ره‌کیی دیکه‌ی ڕێککهوتنهکانیشه. به‌م حاڵه‌شه‌وه، ئه‌م یادداشته نیشانه‌ی ڕوانگه‌ی پێشووی پارتی دیموکرات بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر جۆر ڕێگه‌چاره له ده‌ره‌وه له‌بری پشتئه‌ستووری به عێراق و له ڕێگای په‌یوه‌ندیی باشتر له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئه‌م مه‌سه‌له که‌م و کورت پیشانده‌ری به‌کارهێنانی ڕێگا پێشووه‌کانه بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که مه‌سروور بارزانی له یادداشته‌که‌یدا له‌و ڕۆژنامه باسی لێکردبوو.
من پێم وایه ئه‌و شته‌ی که ڕوانگه‌ی پارتی له دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رده‌خات مه‌سه‌له‌ی قه‌رزه که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه که به بۆچوونی هه‌ندێک که‌س نزیکه‌ی 30 ملیار دۆلاره. هه‌ولێر هه‌وڵ ده‌دات ڕێگایێک بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی قه‌رزه که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات به‌ڵام به‌غدا له‌م ئانوساته‌دا مه‌یلێکی بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێک له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی قه‌رزه‌کانی هه‌رێمی کوردستان نییه که خۆی ئه‌نجامی داون.
له‌باره‌ی چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان هه‌نگاوی گه‌وره بۆ چاره‌کردنی بابه‌ته‌که سه‌رژمێرییه که به‌غدا به‌تایبه‌ت پاش ده‌رکردنی حوکمی دادگه‌ی باڵای عێراق له‌باره‌ی پێویستی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق خه‌ریکه له‌سه‌ری کار ده‌کات. ئه‌م مه‌سه‌له هه‌وڵێکی پڕچالێنجهیه و مومکینه کاتێکی زیاتر بخایێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری ئاماده بێت. به‌م حاڵه‌شه‌وه، ئه‌م کاره ههنگاوێکی گه‌وره‌یه به‌ره‌و چاره‌سه‌رکردنی هه‌میشه‌ییی مه‌سه‌له‌کان به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی ناوچه جێناکۆکه‌کان.
کوردپرێس: هه‌ندێک که‌س پێیان وایه عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دۆستی نزیکیی کورده به‌و بۆنه‌وه ناوبراو له‌سه‌ر هه‌ندێک مه‌سه‌له وه‌ک نه‌وت، بودجه و دیکه‌ی مه‌سه‌له‌کان سازش له‌گه‌ڵ کورد ده‌کات. ژماره‌یێکی دیکه‌ش پێیان وایه که ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌باره‌ی هه‌ندێک بابه‌ت گوشار نه‌خاته سه‌ر کورد مومکینه ژماره‌یێک له گرووپه‌کان بیانه‌وێت حکوومه‌ته‌که‌ی ناوبراو بڕووخێنن. کێشه‌که له کوێیه؟
محه‌مه‌د وائیلی: دروسته عادل عه‌بدولمه‌هدی دۆستی کورده. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ده‌ڵێین که ئه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی بوو که پێشنیاری کرد 17 له‌سه‌دی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ کورده‌کان ته‌رخان بکرێت به‌ڵام هه‌روا که پێشتریش ڕامگه‌یاند ئه‌م مه‌سه‌له که‌متر په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که چ که‌سێک له به‌غداد سه‌رۆک وه‌زیرانه و زیاتر په‌یوه‌ندی به ڕاستییه‌کانی ئێستاوه هه‌یه که سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ناتوانێت ئه‌و ڕاستییانه پشت گوێ بخات و له‌به‌رچاوی نه‌گرێت. ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداش هه‌وڵه‌کانی خستۆته گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یێکی دارایی بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی شاره کاولبووه‌کان له کاتی زاڵبوونی داعش له‌سه‌ر ئه‌و شارانه و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی خزمه‌تگوزاری گشتی که پێویستی به جێبه‌جێکردنی چه‌ندین پڕۆژه به خهرجییێکی زۆره‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان نه‌وت هه‌نارده بکات و هیچ شتێکیش به بۆنه‌ی به‌شه‌بودجه ڕاده‌ستی عێراق نه‌کات هیچ سه‌رۆک وه‌زیرانێکی عێراق پشتیوانیی پێویستی سیاسی له کورد ناکات.
کوردپرێس: تورکیا له مانگه‌کانی ڕابردوودا هێرشێکی قورسی بۆ سه‌ر په‌که‌که له خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام دا که خه‌ساریشی لێکه‌وتۆته‌وه، بۆچی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌مباره‌وه بێده‌نگییان نواندووه؟
محه‌مه‌د وائیلی: په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیا په‌یوه‌ندییێکی پێچه‌ڵاوپووچه و تورکیا به‌وه ده‌ناسێندرێت که له‌باره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دوژمنی پێشووی ئه‌و وڵاته مه‌یلێکی نییه به‌ها بۆ هیچ سنوورێک دابنێت. جگه له‌مه مه‌سه‌له‌ی په‌که‌که مه‌سه‌له‌یێکی کۆنه که له ڕاستیدا سه‌دام حسێن سه‌رۆکی پێشووی عێراق ڕێگه‌ی به تورکیا دا خاکی عێراق تۆپباران بکات و عێراق له‌و کاته‌وه توانیویه‌تی تورکیا بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه که نه‌توانێت خاکی ئه‌و وڵاته بۆردومان بکات.
به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌و شته‌ی که مه‌سه‌له‌کان دژوارتر ده‌کاته‌وه دوژمنیی ئێستای نێوان پارتی دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان له‌لایێک و په‌یوه‌ندیی باشی نێوان بارزانی و ئه‌ردۆغان له‌لایێکی دیکه‌یه. ئه‌م مه‌سه‌له کۆده‌نگیی نێوان هه‌ولێر- به‌غدای به‌ره‌وڕووی کێشه کردووه و تورکیاش ئه‌م بابه‌ته بۆ کردنه‌ئامانجی په‌که‌که به‌کار ده‌هێنێت.
کوردپرێس: هه‌ندێک ڕاپۆرته‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که له ساڵانی داهاتوودا حه‌شیمه‌تی هه‌رێمی کوردستان تا ئاستی 10 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌تی عێراق که‌م ده‌بێته‌وه و ئه‌م بابه‌ته‌ش گۆڕینی دیمۆگرافیای لێده‌که‌وێته‌وه که ئه‌وه‌ش پاشهاته‌ی سیاسی و ئابووری بۆ هه‌رێمی کوردستانی به‌دواوه ده‌بێت. له ئه‌نجامدا کورد هێز و کارته‌کانی ئێستای به‌ده‌سته‌وه نابێت. ئه‌م مه‌سه‌له دروسته؟
محه‌مه‌د وائیلی: به‌ڵێ ئه‌م بابه‌ته دروسته و به‌شێک له گۆڕینی ئه‌و ڕاستییانه‌یه که من پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کردبوو. عێراق جیا له هه‌رێمی کوردستان باڵاترین ئاماری له‌دایکبوونی له جیهاندا هه‌یه. جگه له مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی ژێرخانی پێویست و قه‌یرانی ئاراسته‌کردنی خزمه‌تگوزاری گشتی حه‌شیمه‌تی عێراق ڕۆژ له دوای ڕۆژ گه‌شه ده‌سێنێت و ئه‌م مه‌سه‌له گوشارێکی زیاتر ده‌خاته سه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ فه‌راهه‌مکردنی خانووبه‌ره و خزمه‌تگوزاری و پێویستی به فه‌راهه‌مکردنی هه‌رچی باشتری خزمه‌تگوزارییه وه‌ک دابینکردنی باشتری ئاو، کاره‌با و گاز. هه‌روه‌ها پێویستی به دروستکردنی خانووبه‌ره‌ی زیاتر، شه‌قامگه‌لێکی گه‌وره‌تر و باشتر و ته‌نانه‌ت ئیمکاناتی خوێندنی باشتر و گرینگتر له هه‌موویان ڕه‌خساندنی هه‌لی کاری زیاتر هه‌یه.
له دۆخێکی وه‌ک ئێستادا به‌غدا ناتوانێت دینارێکی زیاتری پاشه‌که‌وت بکات و وه‌ک ڕابردوو ده‌ستێکی ئاوهڵاتری بۆ پێدانی پاره‌ی زیاتر به کورد به‌پێی به‌شه‌بودجه‌ی 17 له‌سه‌دی نابێت. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ته‌رخاندانی به‌شه‌بودجه‌ی 17 له‌سه‌دی بنه‌مایێکی ئه‌وتۆی نییه و بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌م پڕۆسه‌یه درێژه‌ی ده‌بێت.
که‌واته زۆر گرنگه که هه‌ولێر و به‌غدا ڕێککه‌وتنێکی عادڵانه له نێوانیاندا بێته‌دی ئه‌گینا نه‌ک هه‌ر نائارامی له حه‌وزه‌ی سیاسه‌ت ڕوو ده‌دات به‌ڵکوو مومکینه خۆپیشاندانی خه‌ڵکیشی به‌دواوه بێت.
کوردپرێس: ئه‌مساڵ خۆپیشاندانی به‌ربڵاوی سه‌ر شه‌قام به‌تایبه‌ت له باشووری عێراقمان نه‌بینی ئایا ئه‌م مه‌سه‌له نیشانه‌ی ئاراسته‌کردنی خزمه‌تگوزاری گشتیی باشتر له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیه؟
محه‌مه‌د وائیلی: کاره‌با گه‌وره‌ترین چالێنجهیه له بواری خزمه‌تگوزاری گشتیدا و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ره‌وپێشچوونێکی به‌رچاوی له‌مباره‌وه بووه. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵک ئه‌و شته‌ی که چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد وه‌ده‌ستیان نه‌هێنا به‌ڵام ئه‌وان چالاکییه بێوچانه‌کانی ده‌وڵه‌تیان بۆ که‌مبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان ده‌بینن و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش ئارامی و که‌مبوونه‌وه‌ی نائارامی له باشووری عێراقی به‌دواوه بووه.
به‌م حاڵه‌شه‌وه من پێم وایه که نائارامییه‌کانی ساڵی ڕابردووی باشووری عێراق هه‌م بزوێنه‌ری قورسی سیاسی هه‌م ناوچه‌یی و هه‌م هه‌رێمی بووه. ئه‌گه‌رچی خۆپیشاندانه‌کان یاسایی و گرینگ بوون به‌ڵام هه‌ندێک هه‌لقۆستنه‌وه سیاسیی لێ‌کرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له هه‌ڵبژاردنی دووباره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بکرێته‌وه و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش ڕووی دا. به‌م حاڵه‌شه‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕای گوشاره قورسه‌کان و هه‌روه‌ها دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی نوێ دوورنواڕێکی سیاسیی دیکه بۆ دامه‌زراندنی دهوڵهتیتر له‌جیای به‌رده‌وامیی ده‌وڵه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ئارادا نییه.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment