بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چەندین مانگە کە تورکیا و ئەمەریکا لەسەر ئامادەبوونی کوردەکانی سووریا لە سنوورەکانی تورکیا ناکۆکن، ڕۆژی 7ی ئاب لەسەر دامەزراندنی ناوچەیێکی ئارام کە هێزە کوردەکانی تێدا نەبێت ئەم دوو لایەنە ڕێککەوتن. بەگوێرە بەیاننامەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تورکیا ئەم ڕێککەوتنە لەسەر دامەزراندنی ناوندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە تورکیا، دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و دامەزراندنی کریدۆری ئەمن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سووریایە کە لە تورکیان.
بەڵام دەیڤید باتر توێژەری ئەنستیتۆ چتم هاوس لە لەندەن لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر ڕێککەوتنێکی سیاسییە و بۆ دابەزاندنی گرژییەکانی ئەم دواییەی سووریایە. ناوبراو جەخت دەکاتەوە وردەکاریی زۆر کەم لەبارەی ئەم ڕێککەوتنە درکێندراوە و تەنانەت هەندێک جار دەوترێت دوو لایەنەکە لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام ڕای جیاوازیان هەیە.
دەیڤید باتر زیادی کرد لە ڕاستیدا ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام نییە و بەجۆرێک سازیان لەنێوان واشنتن و ئەنقەرەیە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی قووڵایی ناوچەی ئارام کە لە میدیاکاندا باسی لێوە نەکراوە بە کوردپرێسی وت: ئەمەریکا و کوردەکانی سوریا هەوڵ دەدەن خۆیان لەهەر چەشنە تەنگەژە خولقاندنێک دوور بگرن چوونکە ئەم ڕێککەوتنە ئامانجە بەراییەکانی بەدەست هێناوە.
توێژەری ئەنستیتۆ چتم هاوس پێش بینی دەکات لە داهاتوویێکی نزیکدا گۆڕانکاریی ئەوتۆ لە پرسەکانی باکووری سووریا ڕوونادات و لە ئێستادا ئەمەریکا ڕێگری دەکات لەهەر چەشنە هەوڵێکی سەربازیی تورکیا دژ بە کوردەکانی سووریا. ناوبراو هۆشدرا دەدات هەر هەوڵێکی چاوەڕوان نەکراو لەلایەن تورکیاوە مەترسیی گەورەی بەدواوەیە، بۆیەش چاوەڕوان ناکرێت تورکیا هەوڵێکی چاوەڕوان نەکراو بدات.
دەیڤید باتر لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە چ کەسێک هاوپەیمانی ڕاستەقینەی کوردەکان لە باکووری سووریایە دەڵێت: دروستە کە هێزەکانی ئەمەریکا وەکوو هاوبەشی سەرەکیی کوردەکان دەرکەوتوون و کۆشکی سپی چەندین جار ڕایگەیاندووە هێشتا مەترسیی داعش ماوە بەڵام کوردەکانی سووریا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانن پشت بە هیچ وڵاتێکەوە ببەستن.
توێژەری ئەنستیتۆ چتم هاوس ئاماژەی دا بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لەساڵی داهاتوودا و وتی: ئەم پرسە کاریگەریێکی ئەوتۆی لەسەر بابەتەکان دەبێت و ئێمە دەبێت ئەم ڕاستیە لەبەرچاو بگرین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment