وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: هه‌نگاوی باشمان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا بڕی به‌ڵام ئێستاش ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌کان ناڕوونه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌گه‌رچی هه‌نگاوی ئیجابی نراوه‌ به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌ورووپا ڕژد بێت له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنه‌کان و تا ئێستاش دیار نییه‌ ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ره‌و چ ئاقارێک ده‌کشێن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی هه‌ینی 1ی خه‌رمانان به‌رانبه‌ر به‌ 23ی ئابی 2019 محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ئیمانۆیل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا دیدار و گفتوگۆی کرد و پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ش زه‌ریف ڕای‌گه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌ورووپا پێبه‌ند بێت به‌ ئه‌رکه‌کانی خۆی له‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێرانیش ئاماده‌یه‌ له‌م دوو قۆناغه‌ی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی پێبه‌ندبوونی به‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی بڕیویه‌تی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتیشی: پێشنیازه‌کانی سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان له‌سه‌ر ته‌وه‌ری ڕێککه‌وتنی ئه‌تۆمی ئاسۆیێکی باش پیشان ده‌دات به‌ڵام پێویسته‌ کاری جیدیتر بکرێت.

زه‌ریف ئاشکراشی کرد: هه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کۆمه‌ڵێک پێشنیازی خستۆته‌ به‌رده‌ست حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران و ئێمه‌ش بڕوامان وایه‌ ڕێبازێکی باشیان گرتۆته‌به‌ر به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین لایه‌نی ئه‌ورووپی ڕژد بن له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌یده‌ن.

شایانی باسه‌؛ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ گه‌شتێکی ئه‌ورووپیدا سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی ئه‌ورووپیی کرد و له‌ دوا دیداریشدا له‌گه‌ڵ ئیمانۆیل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا گفتوگۆی کرد.

News Code 85887

Your Comment

You are replying to: .
captcha