کوردپرێس:
له نامه‌یێكی كراوه‌دا كه له‌لایه‌ن 183 كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌وه واژۆ كراوه هاتووه: دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوودا نووسه‌ر و ئه‌كادیمیی (پ. ی. د. هێمن مه‌جید) له ڕێگه‌ی سۆشیاڵ میدیاوه پێشنیاری كرد که "پێویسته (زمانی كوردیی) به پله‌ی (زۆر باش) بكرێته مه‌رجی سه‌ره‌كیی وه‌رگرتنی خوازیارانی (خوێندنی باڵا) له كۆی كۆلێژ و به‌شه‌كاندا به بێ جیاوازیی!"، ئێمه‌ش وه‌ک كۆمه‌ڵێ دڵسۆزی (زمانی كوردیی) له: (ئه‌كادیمیی، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس، ڕۆشنبیر و چالاكی مه‌ده‌نیی) له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بووینه هاوڕا و پاڵپشتی پێشنیاره‌كه‌ی به‌ڕێزیان و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک له سۆشیاڵ میدیا هه‌ڵمه‌تێكمان له‌وباره‌یه‌وه وه‌ڕێخست. ئێستاش پێمان باشه له هه‌نگاوێكی دیكه‌دا كه‌مێک بابه‌ته‌كه وردتر بكه‌ینه‌وه و له‌م نامه كراوه‌یه‌دا هۆكار و ئامانجی پڕۆژه‌كه و هه‌نگاوه‌كانی ئاینده ڕوون بكه‌ینه‌وه.
له نامه‌که‌دا 183 که‌سایه‌تییه‌که ڕایانگه‌یاندووه: به‌ر له هه‌ر شت ده‌بێ خۆمان له‌و ڕاستییه نه‌بوێرین كه (زمان) یه‌كێكه له ناسنامه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێک و پایه‌یێكی گرنگی دروست كردن و له سه‌ر پێوه‌ستانی ده‌وڵه‌ته كه‌واته گرنگیدان به‌و ڕه‌گه‌زه جێ بایه‌خه و پاراستن و گه‌شه‌پێدانی له هه‌ر كۆمه‌ڵێكدا وێڕای نیشانه‌ی هۆشیاریی گشتی، به‌جێهێنانی ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانیی، ئاكاریی و ئه‌كادیمییه. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه و له كاتێكدا به ئاشكرا ده‌بینین و هه‌ست ده‌كه‌ین لێره و له‌وێ به شێوازی جۆراوجۆر و به به‌رنامه كار بۆ په‌راوێزخستن و بێ نرخ كردنی (زمانی كوردیی) ده‌كرێت ئێمه به ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆمان ده‌زانین به توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌وڵانه ببینه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ڕێز و شكۆ بۆ زمانه‌كه‌مان بكه‌ینه شائامانجی ئه‌م قۆناغه‌مان.
له نامه‌که‌دا زیاتر هاتووه: له‌م ئاستانهشدا ده‌زانین كاره‌كه‌مان هه‌نگاوی جیاواز و فره‌لایه‌نی گه‌ره‌كه چوونكه مه‌ترسیی لاوازكردن و بێ به‌هاكردنی زمانه‌كه‌مان زۆر و هه‌مه‌جۆرن به‌ڵام ئێمه له‌م قۆناغه‌دا ته‌نها له‌م چمكهی خوێندنی باڵاوه ده‌ست پێده‌كه‌ین به‌و ئومێده‌ی ئه‌مه ببێته ده‌ستپێكێكی سه‌ركه‌وتوو له‌پێناو پاراستن و گه‌شه‌پێدانی. به دیاریكراوی مه‌به‌ستمانه له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵاماندا (زمانی دایکی) بكرێته چه‌قی بایهخپێدانهكان و چیتر نه‌كرێته قوربانیی نه‌زانی و خۆبه‌كه‌مزانین و پاساوی لاواز و ئامانجی ترسناک! وه‌ک چۆن کاتێک جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه گرنگه ده‌كه‌ینه‌وه و بایه‌خدان به زانینی زمانیتر بۆ ئه‌كادیمییان ڕه‌ت ناكه‌ینه‌وه و به پێویستی ده‌زانین و نكۆڵی له گرنگییه‌كه‌یشی ناكه‌ین به‌ڵام به كارێكی نازانستی ده‌زانین كه‌وا ئه‌و گرنگیدانه له‌سه‌ر حسابی (زمانی كوردیی) بێت.
له نامه‌که‌دا که‌سایه‌تییه ئه‌کادیمی و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌کان باسیان له‌وه کردووه: پێشمانوانییه جێبه‌جێ كردنی وه‌ها کارێک له ڕوی كرده‌ییه‌وه سه‌خت بێت. دوور ناڕۆین بۆ وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا، هه‌ر به ڕوانینێک له ئه‌زموونی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌نده له خه‌م و هه‌وڵی پاراستن و گه‌شه‌پێدانی زمانهكهیاندان. ئه‌وه‌تا (ئێران) تاقیكردنهوهیێكی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به لێهاتووییه‌كانی (زمانی فارسی) داناوه، (توركیا) به هه‌مان شێوه بۆ (زمانی توركی). به‌پێی زانیارییه‌كان له (عێراق) هه‌وڵێكی له‌و جۆره هه‌یه سه‌باره‌ت به (زمانی عه‌ره‌بی). هه‌روه‌ک ساڵی ڕابردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی عێراق بڕیارێكی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ركرد و چه‌ند لایه‌نێكی ڕاسپارد بۆ ئاماده‌كردنی تاقیكردنهوهیێكی له‌و شێوه‌یه و دواتر به مه‌رجدانانی بۆ وه‌رگرتن له خوێندنی باڵا (ماسته‌ر، دكتۆرا). كه‌واته ئێمه‌ی كوردزمان تا كه‌ی شه‌رم له به‌كارهێنان، بایه‌خدان، پاراستن و گه‌شه‌پێدانی (زمانی دایك)یمان بكه‌ین؟! تا كه‌ی (زمانی كوردی) نه‌كه‌ینه زمانی ڕه‌سمیی په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، ڕاگه‌یاندن، سیاسه‌ت، ئابووریی و بازاڕ و...؟! ئاخر نه‌نگی و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه كورد بیت و مامۆستای زانكۆ بیت و (زمانی دایک)یت باش نه‌بێت! یان نه‌توانیت پێنج خوله‌ک به كوردییێكی ڕه‌وان بدوێیت یاخود پێنج دێڕ به دروستیی بنووسیت!
له کۆتاییی نامه‌که‌دا هاتووه: بێگومان ئه‌مه هه‌وڵێک ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م بزانرێت ئاستی ئه‌و ئه‌كادیمییه له چوار لێهاتووییه‌كه‌ی زمان (گوێگرتن، قسه‌كردن، خوێندنه‌وه، نووسین)ی كوردی چۆنه به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌روا سانا نییه، هه‌وڵی لێیڕاوانهی هه‌موو كوردێكی دڵسۆزی ده‌وێت و ئیدی ئه‌مه پرۆژه‌ی هه‌موانه چون له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییدایه. ده‌كرێ ئه‌مه سه‌ره‌تای زۆر پرۆژه‌ی گه‌وره بێ له هه‌موو كایه جیاوازه‌كان له‌پێناو (زمانی كوردیی)دا. ده‌كرێ بۆ ئاینده بكرێته پرۆژهیاسایێكی دروست و پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت بۆ گفتوگۆ و ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و دواتر په‌سه‌ندكردنی یان ببێته هه‌وێنی بڕیارگه‌لی پێویست له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمه‌وه. هه‌رچۆنێک بێ دڵنیاین و خه‌مێكی گشتییه و بهههندوهرگرتنیشی سوودی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی لێده‌كه‌وێته‌وه.
سه‌رچاوه: ڕادیۆ نه‌وا
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment