کوردپرێس:
ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 23ی ئابی 2019 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه که محه‌ممه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی براین ماکفیتره‌ز کاربه‌ڕێکه‌ری کاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکای له به‌غدا کردووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی باڵیۆزی ئه‌مریکا له باڵیۆزخانه‌دا نه‌بووه.
له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا هاتووه که هه‌ردوولا له دیداره‌که‌دا گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و واشنتن و دوایین گۆڕانکارییه‌کان کردووه.
پرسێکی گه‌رم که ئێستا له عێراقدا هه‌یه ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌ی باره‌گا و کۆگاکانی چه‌کی ئه‌و گرووپانه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه و له ماوه‌ی مانگێکدا چوار کۆگایان ته‌قیوه‌ته‌وه و ئه‌بوو مه‌ھدی موھه‌ندس جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌وباره‌یه‌وه ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌مریکا به هاوكاریی ئیسرائیل پلانی به‌ئامانجكردنی باره‌گاكان به‌ڕێوه ده‌بات".
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به کاربه‌ڕێکه‌ری کاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له به‌غدای وتووه: "عێراق پابه‌نده به بنه‌مای په‌یوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ دراوسێکانی به شێوه‌یێک که عێراق و ناوچه‌که بپارێزێت. عێراقیش گۆڕه‌پانی ململانێ و ناکۆکی نییه به‌ڵکوو بۆ بونیادنان و گه‌شه‌سه‌ندنه".
پاش ته‌قینه‌وه‌ی کۆگاکانی حه‌شدی شه‌عبی و تۆمه‌تبارکردنی ئه‌مریکا و ئیسرائیل، سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو ڕۆژنامه‌ڤانان له شاری کییڤی پایته‌ختی ئۆکراینا پرسیار‌یان ئاڕاسته‌ی بنیامین نه‌تانیاهو سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل کرد و له وه‌ڵامدا به‌رپرسیارێتیی وڵاته‌که‌ی له هێرشه‌کاندا ڕه‌ت نه‌کرده‌وه و ته‌نیا گوتی: "ئێران له هیچ شوێنێک پارێزراو نییه، له هه‌ر شوێنێک پێویست بکات له دژیان ده‌جووڵێینه‌وه و ده‌ستیشمان درێژه".
هه‌ر به گوێره‌ی ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم داوای له ئه‌مریکا کردووه پابه‌ند بێت به جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی شه‌راکه‌تی ستراتێژیی نێوان عێراق و ئێران له ڕووی ئه‌منی و ئابوورییه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختیشی کردووه‌ته‌وه که عێراق و حکوومه‌ته‌که‌ی هه‌موو بژارده دیپلۆماسی و یاساییه‌کان له پێشینه داده‌نێت بۆ ڕێگری کردن له هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێکی ده‌ره‌کی له کاروباری ناوخۆیدا.
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌باره‌ی دیداره‌که باسی له‌وه کرد که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق چه‌ند په‌یامێکی به کاربه‌ڕێکه‌ری کاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له به‌غدا گه‌یاندووه و جه‌خت له‌وه کراوه‌ته‌وه که عێراق دوور بخرێته‌وه له ململانێیه‌کانی ناوچه‌که و سه‌روه‌ریی وڵاته‌که‌ی پارێزراو بێت.
شایانی باسه؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو 22ی ئابی 2019 شۆن رۆبه‌رتسن، گوته‌بێژی پێنتاگۆن به ڕووداوی ڕاگه‌یاندبوو که وڵاته‌که‌ی ده‌ستی له ته‌قینه‌وه‌کانی کۆگاکانی چه‌ک له عێراقدا نییه و زیادی کردبوو: "بوونی ئه‌مریکا له عێراق بۆ پاڵپشتی‌کردنه له هه‌وڵه‌کانی ئه‌و وڵاته دژی داعش. پاڵپشتی له سه‌روه‌ری عێراق ده‌که‌ین و به ڕێنماییه‌کانی حکوومه‌تی عێراق له بواری به‌کارهێنانی ئاسمانی وڵات‌دا پابه‌ندین".
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی ئه‌لعه‌هد نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment