ئایا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مه‌سه‌له‌ی په‌که‌که‌ی بۆ چاره‌سه‌ر دەکرێت؟

به‌شی وتار/ جیهان- پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (په‌که‌که‌) سه‌ره‌ڕای ڕکابه‌ریی قووڵی نێوانیان ته‌ئکید له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ته‌عامولی ئاشتییانه‌ و چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکیی له‌مێژینه‌ی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌.

کوردپرێس:

هه‌روا که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ مه‌به‌ستی ڕاوه‌دوونانی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ له‌ چیای قه‌ندیل چڕ کردۆته‌وه‌ هه‌م په‌که‌که‌ و هه‌م پارتی دیموکراتی کوردستان ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ پێشوازی له‌ ده‌ست‌پێکردنی دانووستان و دایالۆگی ئاشتییانه‌ ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانیان.

پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (په‌که‌که‌) حیزبێکی سیاسیی چه‌پڕه‌وه‌ که‌ ده‌یه‌ی 1970 له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ بنیات نرا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بۆ کورده‌کانی تورکیا بهێنێته‌دی به‌ڵام ئێستاکه‌ ناوبراو له‌ زینداندایه‌. ساڵی 1984 په‌که‌که‌ به‌رخۆدانی چه‌کدارانه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر سوپای تورکیا هه‌ڵبژارد. ئه‌مریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق حیزبێکی سیاسییه‌ که‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ پێشکه‌وتنی ناسیۆنالیزم چڕ کردۆته‌وه‌ و له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پێشووی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی 1946 له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فا بارزانی باوکی مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بنیات نرا. پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی 2018ی هه‌رێمی کوردستان سه‌رجه‌م جومگه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی حکوومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه ‌له‌وان سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌زگای داد، ده‌زگای ئاسایش، نه‌وت و میدیا سه‌ره‌کییه‌کان.

پاش تیرۆرکردنی فه‌رمانبه‌رێکی کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا له‌ ڕێستوورانتی هۆقه‌بازی هه‌ولێر، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی ئه‌نجامده‌رانی ڕووداوه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ باسیان له‌ تێوه‌گلانی په‌که‌که‌ به‌و ڕووداوه‌وه‌ ده‌کرد. په‌که‌که‌ تێوه‌گلانی خۆی به‌ ڕووداوی ڕێستوورانتی هۆقه‌بازی هه‌ولێری ڕه‌ت کرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدا بوو که‌ ستایشی ئه‌و کاره‌ی ده‌کرد.

ساڵی 1990 په‌که‌که‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ ڕووداوگه‌لێک که‌ له‌وان وه‌ک شه‌ڕی ناوخۆییی هه‌رێمی کوردستان ناو ده‌برێت به‌ره‌وڕووی یه‌کتر بوونه‌وه‌. پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕازییه‌ له‌وه‌ی که‌ په‌که‌که‌ ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌ی هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

ڕۆژی 3ی ئابی 2019 موراد قه‌ره‌یلان فه‌رمانده‌ی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل لقی سه‌ربازیی په‌که‌که‌ به‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی سترک تی ڤی گوت: "ململانێ و ناکۆکییه‌کانی نێوان پارتی دیموکرات و په‌که‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نیین که‌ نه‌کرێت له‌ ڕێگای دانووستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن."

له‌مباره‌وه‌ سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئه‌لمۆنیتۆری ڕاگه‌یاند: "بازنه‌ی چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان نییه‌. مه‌سه‌له‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌ په‌که‌که‌ به‌ستراوه‌ به‌ تورکیاوه‌ و په‌لکێشی هه‌رێمی کوردستان کراوه‌. هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ ڕاده‌ی په‌یوه‌ست چێژی له‌ هه‌ندێک ڕووداوی تاڵ وه‌رگرتووه‌ وه‌ک ئه‌نفال و کیمیاباران و ته‌حه‌مولی کاره‌ساتێکی‌تر و هه‌لقۆستنه‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌و و خاکه‌که‌ی نییه‌."

دزه‌یی زیادی کرد: "مه‌سه‌له‌ی 40 ساڵه‌ی کورد و په‌که‌که‌ ده‌بێ له‌ ناو تورکیا و له‌ ڕێگای ئاشتییانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. جیا له‌وه‌ی که‌ ئاشتی بێته‌دی یان نا، ده‌بێ شه‌ڕ و پێکدادانه‌کان بوه‌ستێندرێت چوونکه‌ نابێت شه‌ڕ جێگره‌وه‌ی ئاشتی بێت. ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا ده‌ورێکی گرینگی له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی بینیوه‌. ئێمه‌ هیوادارین که‌ هه‌لێک بۆ له‌ناوچوونی هه‌ر جۆره‌ توندوتیژی و گه‌یشتن به‌ ئاشتی له‌ ڕێگای دانووستانه‌وه‌ فه‌راهه‌م بکرێت. ده‌بێ په‌که‌که‌ ڕێز له‌ داواکارییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بگرێت. هه‌روه‌ها ده‌بێ په‌که‌که‌ کۆتایی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی له‌ هه‌رێمی کوردستان بهێنێت."

په‌که‌که‌ و ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌وڵه‌کانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێچارێکی ئاشتییانه چڕ ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌کردنی ناکۆکیی ده‌یان ساڵه‌ی نێوانیان -که‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار کوژراوی لێکه‌وتۆته‌وه- و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ساڵی 2013 تا 2015 ئاگربڕ له‌ نێوانیاندا جێگیر کرا به‌ڵام ئاگربڕه‌که‌ به‌ بۆنه‌ی ناکۆکیی هه‌رێمایه‌تی له‌ عێراق و سووریا کۆتایی پێهات.

زاگرۆس هیوا وته‌بێژی سه‌ندیکای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان واتا گرووپی سیاسیی سه‌رووناوچه‌ییی سه‌ر به‌ ئایدیۆلۆژی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌ ئه‌لمۆنیتۆری ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ی ده‌ست‌پێکردنی دانووستانین و هیچ جۆره‌ پێش‌مه‌رجێکمان بۆ دانووستاندن نییه‌. گفتوگۆی ئاشتیخوازانه‌ ته‌نها ڕێچاری ته‌عامول‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌یه‌. ئێمه‌ ته‌نانه‌ت نامانه‌وێت بیر له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ نێوان گرووپه‌ کوردییه‌کان بکه‌ینه‌وه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کشانه‌وه‌ی په‌که‌که‌ له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌رێمی کوردستان وتی: ئه‌م داواکارییه‌ ته‌نها خزمه‌ت‌کردنه‌ به‌ به‌رنامه‌کانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌پێناو "له‌ناوبردنی ده‌ستکه‌وتی هه‌رێمی کوردستان و دروست‌بوونی شه‌ڕی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌."

وته‌بێژه‌که‌ی سه‌ندیکای کۆمه‌ڵگای کوردستان زیادیشی کرد: "ئێمه هه‌میشه‌ له‌و شوێنانه‌ ئاماده‌ین که‌ مه‌ترسیی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی له‌باره‌ی کوردیان له‌سه‌ره‌ و کورد و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کانیش ده‌پارێزین."

زاگرۆس هیوا ڕاشی‌گه‌یاند: هێشتا هێزه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی دیموکرات به‌ره‌وڕووی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ هۆشداری دا که هێزه‌کانی‌ ڕێکخراوی هه‌واڵگریی تورکیا (میت) چوونه‌ته‌ ناو ڕیزی هێزه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی دیموکرات و ئاژانسی پاراستن و زانیاری و ژماره‌یێکیان سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی زانیاریی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ یارمه‌تی به‌ ڕێکخراوی میت ده‌ده‌ن.

ئه‌لمۆنیتۆر بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ گرت به‌ڵام ناوبراو وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.

ئۆجه‌لان که‌ به‌ یارمه‌تیی ئه‌مریکا و له‌لایه‌ن هێزی تایبه‌تی تورکیا له‌ ساڵی 1999 و له‌ کێنیا ده‌ستگیر کرا له‌ زیندانێکی دوورگه‌ی ئیمرالی تورکیا زیندانی کراوه‌. مانگی ئه‌گێست پارێزه‌رانی ئۆجه‌لان له‌ زاری ناوبراوه‌وه‌ ڕایان‌گه‌یاند که‌ ئۆجه‌لان وتوویه‌تی ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا شه‌ڕ و ناکۆکیی نێوان په‌که‌که‌ و ده‌وڵه‌تی تورکیا بوه‌ستێنێت.

زاگرۆس هیوا به‌ ئه‌لمۆنیتۆری وت: "بزاڤه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ ماوه‌یێک پێش ئێستاوه‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ ئۆجه‌لان دانووستانکاری سه‌ره‌کیی ئێمه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ دانووستان و ڕێککه‌وتنێکی ئاشتییانه‌. که‌واته‌ ئه‌گه‌ر که‌ناڵگه‌لێکی ئه‌من بۆ هاوبه‌ش‌کردنی ئایدیاکانی ئۆجه‌لان و بزاڤه‌که‌ی ناوبراو هه‌بێت ده‌بێ دیدگاکانی ئۆجه‌لان له‌ بزاڤه‌که‌ماندا په‌یڕه‌و بکه‌ین."

ناوبراو زیادی کرد: "ئۆجه‌لان له‌ کاتی ڕاگۆڕینه‌وه‌ی دیدگا و بۆچوونی خۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک له‌ مانگی مه‌ی و ئاگێستدا ئاماده‌ییی خۆی بۆ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌کان ڕاگه‌یاند. ته‌نها ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین که‌ ئایا عه‌قڵییه‌تی تورکیا بۆ چاره‌کردنی دیموکراتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد ئاماده‌یه‌ یان نا."

دیلیمان عه‌بدولقادر شرۆڤه‌کاری کوردی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ له‌ سه‌نته‌ری "الیجنس ستراتجیز" گوتی: تورکیا به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کییه‌ بۆ جێگیربوونی ئاشتی له‌ نێوان په‌که‌که‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان.

ناوبراو به‌ ئه‌لمۆنیتۆری ڕاگه‌یاند: "ده‌وڵه‌تگه‌لێکی وه‌ک تورکیا هه‌رێمی کوردستان و کورد به‌ره‌وڕووی یه‌کتر ده‌کاته‌وه‌. مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌بێ بوێر بێت و زیاتر چاوی به‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی، ئه‌ردۆغان و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی داد و گه‌شه‌وه‌ بێت. هه‌روه‌ها ده‌بێ پارتی دیموکراتی کوردستان بزانێت که‌ په‌که‌که‌ به‌م زووانه‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان به‌جێناهێڵێت. هه‌ڵبژاردن ساده‌یه‌؛ پێش له‌ هه‌ر که‌سێک له‌گه‌ڵ کورد ئاشتی بکه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی پێشمه‌رجه‌کانی پارتی بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ زیادی کرد: ئه‌م داواکارییانه‌ ناڕاستبینانه‌یه‌ و هیچ جیاوازییێکی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی تورکیا نییه‌.

عه‌بدولقادر ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌گه‌ر دانووستانه‌کان به‌م ڕوانگه‌‌ و به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نی بیانی وه‌ک ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستی پێبکات سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت و ئه‌نجامی لێده‌که‌وێته‌وه‌. هه‌ردووکیان ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له‌به‌رچاو بگرن نه‌ک تورکیا. ئه‌گه‌ر هه‌لێک بۆ ئاشته‌واییی نێوان پارتی و په‌که‌که‌ نه‌یێته‌دی کورده‌کان له‌ هه‌ردووکیان بێ‌هیوا ده‌بن. ئه‌گه‌ر کورد ته‌کووزێک به‌ نێو ماڵی خۆی نه‌دات له‌م ناوچه‌ شڵه‌ژاوه‌دا وه‌ک هۆکارێکی ئه‌لته‌رناتیڤ له‌به‌رچاو ناگیردرێت. کورد خه‌ڵکانێکی ئاشتیخوازن به‌ڵام ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌شیره‌کان بۆته‌هۆی کۆتایی‌هاتن به‌ پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ کورد. چ بمانه‌وێت و چ نه‌مانه‌وێت زلهێزه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئێمه‌ی کورد به‌پێی توانا و لێهاتووییه‌کانمان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگاکان داوه‌ری ده‌که‌ن نه‌ک عه‌شیره‌خوازی."

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمۆنیتۆر

نووسه‌ر: دانا ته‌ییب مونه‌می

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85857

Your Comment

You are replying to: .
captcha