کوردپرێس:
کاوه عه‌لى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه له لێدوانێکدا بۆ هاووڵاتى وتى: "سه‌رۆکایه‌تیی کۆمارى ئێران به نووسراوێک له به‌روارى 10-8-2019 ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر به‌فه‌رمی کردنى مه‌رزه‌کانى (کێلێ) و (شۆشمێ- ته‌وێڵه) و (شێخ ساڵح- پشته) وه‌ک مه‌رزى بازرگانى و گه‌شتیاریى ده‌ربڕیوه."
ناوبراو وتیشى: "هه‌نگاوى داهاتوو گه‌یاندنى ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیه‌یه به لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى عێراقى و ده‌سته‌ى ده‌روازه سنوورییه‌کانى عێراق و بڕیاریشه له ئاینده‌یێکى نزیکدا هه‌ر دوو لایه‌نى عێراقى و ئێرانى کۆبوونه‌وه‌یێکى هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ئه‌نجام بده‌ن چوونکه بڕیارى کۆتایى له ده‌سه‌ڵاتى هه‌ر دوو حکوومه‌تى عێراقى و ئێراندایه."
کاوه عه‌لى وتى: "بڕیاره کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى هاوبه‌شى هه‌ر دوو حکوومه‌تى عێراق و ئێران له‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه بچێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌فه‌رمیکردنى ئه‌و سێ مه‌رزه و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌که‌ین حکوومه‌تى عێراق ڕ‌ازى بێت و بیکه‌نه نێوده‌وڵه‌تى چوونکه عێراق پێشتر خۆى داواى کردووه و له ئێستاشدا نه کێشه‌ى فه‌نى و نه کێشه‌یێکى وا گه‌وره‌ى سیاسیش نه‌ماوه له نێوانیان."
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: به‌پێی ئاماره‌کان مه‌رزى پشته له ئێستا له مانگێکدا نزیکه‌ى ملیارێک دینار ئاڵوگۆڕى بازرگانى تێدا ده‌کرێت و به‌فه‌رمى کردنى ئه‌و دوو مه‌رزه ده‌بێته‌هۆى زیادبوونى قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بۆ بازرگانى و گه‌شتیاری.
دیارترین خاڵه سنورییه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له تورکیا و ئێران بریتین له ئیبراهیم خه‌لیل، په‌روێزخان، باشماخ، حاجى ئۆمه‌ران.
یاسین ڕه‌حیم جێگرى سه‌رۆکى ژوورى بازرگانى سلێمانى له لێدوانێکدا بۆ هاووڵاتى وتى: "ڕاسته ئێران باسى کردووه به‌ڵام ئه‌و مه‌سه‌لانه مه‌سه‌له‌ى سیاسین و پێویستى به ڕێککه‌وتنى حکوومه‌تى عێراقیش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى ڕه‌زامه‌ندى بدات له‌سه‌ر کردنیان به‌فه‌رمى."
ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه که هه‌بوونى ده‌روازه له‌گه‌ڵ وڵاته دراوسێکان گرنگى خۆى هه‌یه چوونکه هاتوچۆکان ئاسانتر ده‌بن و کارئاسانى ده‌بێت بۆ خه‌ڵک و ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌کان.
یاسین ڕه‌حیم ئاماژه‌ى به‌وه دا که به‌فه‌رمى کردنى ئه‌و مه‌رزانه کاریگه‌رى بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێت چوونکه هه‌ڵه‌بجه ده‌بێته ناوه‌ڕاستى مه‌رزه‌کان و شاره‌کانى‌تر و ده‌بێته پردى په‌ڕینه‌وه و "ده‌بێته بووژاندنه‌وه‌ى ناوچه‌که و به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ئاڵوگۆڕى ئابوورى بۆ ناوچه‌که و بۆ هه‌رێم به‌گشتى."
له‌لایێکی دیکه‌وه ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی گومرگ له وه‌زاره‌تى دارایى بۆ هاووڵاتی گوتی: کۆمه‌ڵێک ده‌روازه‌یان هه‌یه که تا ئێستا به ڕه‌سمى نه‌ناسێنراون بۆیه ئێستا ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌و سێ مه‌رزه بکاته نێوده‌وڵه‌تى و ئێستا بڕیارى حکوومه‌تى عێراقى ماوه تا به فه‌رمى بناسێنرێن و ئێمه خوازیارین عێراقیش مۆڵه‌ت بدات و بکرێنه ڕه‌سمى چوونکه کردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌روازانه گوڕێکى باشتر به بازرگانى ده‌دات هه‌م بۆ هه‌رێم و بۆ عێراق.
به‌پێی ئاماره‌کانی ژووری بازرگانیی ئێران، ئاستى قه‌باره‌ى بازرگانی و هه‌نارده کردنی ئێران بۆ عێراق گه‌یشتووه‌ته نزیکه‌ى ٩ ملیار دۆلار که نزیکه‌ى سێ ملیار دۆلارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان بووه.
سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی کرماشان و ئه‌ندامی لیژنه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى ژووری بازرگانیی ئێران باسی له‌وه کرد که هه‌رێمی کوردستان ده‌روازه‌ی هه‌نارده‌کردنی کاڵای ئێرانی بۆ عێراقه و سه‌دا 60ی هه‌نارده‌کردنه‌کانی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌که‌یه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment