بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 29ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 20ی ئابی 2019 مەجید تەخت ڕەوانچی نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بە هەوڵی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارس کرد و ڕایگەیاند بوونی هێزی بیانی لەو ناوچەیەدا دەبێتە مایەی ناسەقامگیری چوونکە پاراستنی ئاسایشی کەنداو ئەرکی وڵاتانی ناوچەکەیە.
نابراو جەختیشی کردەوە ئێران بوونی هێزی بیانی لە کەنداوی فارس قبووڵ ناکات چوونکە یەک لە ڕیشە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی ئەم ناوچەیە دەستوەردانەکانی ئەمریکایە.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کوودەتاکەی ساڵی 1953 (1332)ی ئێرانیش کرد و گوتی بەڵگەکان ڕوون و ئاشکران کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستی لەو کوودەتایەدا بووە.
شایانی باسە ئەمریکا لە هەوڵدایە هاوپەیمانێتییێکی دەریایی لە کەنداوی فارس پێکبهێنێت و چەندین جار داوای لە وڵاتانی ئەورووپی و هەروەها وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکەش کردووە بچنە نێو ئەو هاوپەیمانییەوە بەڵام تا ئەم کاتەش جگە لە چەند وڵاتێک هیچ وڵاتێکی دیکە بە دەم بانگهێشتەکەی ئەمریکاوە نەچووە.
Your Comment