ئەردۆغان مەبەستیەتی بە ئەنقەست ڕەوتی کوردی لە تورکیا و سووریا بسڕێتەوە

بەشی جیهان- ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن نووسەر و چاودێری سیاسیی اروباری کوردی کە دانیشتووی ئۆسترالیایە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە هەموو ئەو کارانەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان دەیکات دژی کوردی سووریا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بەوەش ئەردۆغان پێگەی جەماورەیی خۆی لە نێو نەتەوەخوازەکاندا بەهێزتر دەکات.

کوردپرێس:

کوردی سووریا لە ماوەی شەڕی دژبەداعشدا زیاتر لە 25 لەسەدی خاکی سووریای کۆنتڕۆڵ کردووە و بە یارمەتیی هاوپەیمانیی دژەداعش شکستی بە داعش هێناوە و ئەوەش بۆتە یەک لە گرینگترین دۆزەکانی ئێستای وڵاتی سووریا. تورکیاش بەرچاوترین دژبەری دەسەڵاتگرتنی کوردی سووریایە چوونکە لەو قەناعەتەدایە کە کوردی سووریا سەر بە پەکەکەن و ئەگەر بێتوو کوردی سووریا دەسەڵاتیان زیاد بکات دەبنە مەترسی و دەتوانن هانی کوردی تورکیا بدەن دژی ئەنقەرە هەستن. دانیشتنەکانی ئەستانە بە بەشداریی ئێران و ڕووسیا و تورکیا کە بۆ چارەکردنی قەیرانی سووریا بەڕێوە چووە مەسەلەی کوردی تێدا باس نەکراوە چوونکە تورکیا ڕژد بووە لە دژایەتی کردنی مەسەلەی کوردی سووریا. هەڵبەت وڵاتانی بەشداربووی دانیشتنەکەی ئەم دواییەی ئەستانە دژایەتیی خۆیانیان دەربڕیوە کە ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لە باکووری سووریا دابمەزرێت. لە لایێکی دیکەشەوە ئەمریکا کوردی سووریا بە هێزێکی کارامەی شەڕی داعش دەزانێت و ترسی لەوەیە کە ئەگەر بێتوو دەست لە کورد بەربدات و بەتەواوەتی لە سووریا بکشێتەوە ئەوا تورکیا دەرفەتی لێ دێنێت و هێرش دەکاتە سەر کوردەکان. هەر بۆیەش هەوڵی داوە لەسەر دامەزراندنی ناوچەیێکی ئارام لە سنووری نێوان سووریا و تورکیا لەگەڵ ئەنقەرە ڕێکبکەوێت. ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی ئەگەرچی ئەمریکا و تورکیا لەسەر ناوچەی ئارام لە سووریا گەشتوونەتە ڕێککەوتن بەڵام دامەزراندنی ئەو ناوچە ئارامە تا ئەم کاتەش لە دۆخێکی چەقبەستوودایە.

نووسەر و چاودێری سیاسیی دانیشتووی ئوسترالیا لەبارەی هۆکاری دژایەتی کردنی وڵاتانی بەشداربووی دانیشتووی ئەستانە لەگەڵ پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە کوردی سووریا دەڵێت چەند هۆکار هەن کە ئەو وڵاتانە دژی پێدانی خۆبەڕێوەبەری بە کوردن.

ناوبراو لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە تورکیا ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بە پاشکۆی پارتی کرێکارانی تورکیا (پەکەکە) دەزانێت کە دامەزراوەیێکی ناشەرعییە. بۆیە بە ئیدعای تورکیا ئیدارەی خۆسەر لە جەوهەری خۆیدا تیرۆریستییە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاش تەرکیزی کردۆتە سەر پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لەو شتەی خۆی ناوی ناوە "تیرۆریست". بەگشتی هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی تورکیا دژایەتیی دامەزرانی ئیدارەی خۆسەر بکات. یەک لە گرینگترین هۆکارەکانیش ئەوەیە تورکیا ترسی لەوەیە نیمچە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت و ببێت بە هەڕەشە بۆ سنوورەکانی بەری باشووری ئەو وڵاتە. بۆیە تورکیا دژایەتیی دامەزرانی ئەو دەسەڵاتە کوردییە دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەندرانی کوردەکانی تورکیا بۆ هەستان و داوای خۆبەڕێوەبەری کردن.

ناوبراو لەبارەی دژایەتی کردنی دیکەی وڵاتانیش بەرانبەر بە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بە کوردپرێسی گوت: ڕووسیا و ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی ڕووسیان پشتگیریی دەوڵەتی ناوندیی دیمەشق و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەدە دەکەن و هۆی دژایەتی کردنیان بەرانبەر بە ئیدارەی خۆسەر ئەوەیە کە داوای یەکپارچەییی خاکی سووریا بە قازانجی حکوومەتی ناوەندی دەکەن.

دۆبۆسن لەبارەی دانووستانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارامی باکووری سووریا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەگەر ئەو دوو وڵاتە لەم دوایییەدا لەسەر دامەزراندنی ناوچە ئارامەکە گەشتنە ڕێککەوتن بەڵام پێ دەچێت ئەم مەسەلەیە گەشتۆتە دۆخێکی چەقبەستوو. ئەنقەرە مکووڕە کە تا قووڵاییی 30 کیلۆمەتر بێتە نێو خاکی سووریا و دەشڵێت دەبێت ئەو ناوچەیە بە دەسەڵاتی تورکیا ئیدارە بکرێت بەڵام ئەمریکا بەبۆنەی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیی کوردەکانەوە حەز ناکات قووڵاییی ناوچە ئارامەکە ئەوەندە زۆر بێت. واشەنتن دەڵێت قووڵاییی ناوچەی ئارام 5 کیلۆمەتر بێت و بە هێزی نێودەوڵەتی ئیدارە بکرێت.

ناوبراو لەبارەی ئەو وڵاتانەش کە ڕازین لە ناوچەی ئارامدا ببن بە کوردپرێسی گوت: پێ دەچێت تا ئێستا تەنها وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ئامادەیییان دەربڕیوە کە هێز بنێرنە ناوچە ئارامەکە بەڵام تورکیا دژی ئەو بژاردەیە بووە و بەو بۆنەیەشەوە دانووستانەکان لەبارەی ناوچەی ئارامەوە گەشتۆتە دۆخێکی چەقبەستوو.

ناوبراو بڕواشی وایە جەیمز جێفری نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەیهەوێت گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکات. تورکیاش ئەو وڵاتەیە کە دەیهەوێت ناوچەی باکووری سووریا بلکێنێت بە خاکی خۆیەوە. دۆبۆسن دەشڵێت: بە قەناعەتی من ئەردۆغان مکووڕ دەبێت لەسەر بڕیارەکەی خۆی و بەو بۆنەیەشەوە پێم وایە پێکدادان و شەڕێک ڕوو دەدات ئەگەرچی ڕەنگە شەڕەکە زۆریش نەخایەنێت.

ئەو نووسەرە ئوسترالیایییە بڕواشی وایە ئوپەراسیۆنی چنگ دژی پەکەکە لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستانیش پێوەندیی بە دژایەتی کردنی تورکیا لەگەڵ کوردی سووریا هەیە و هەردووکیان دوو ئوپەراسیۆنن بۆ لێدان لە پەکەکە. ناوبراو زیادیشی کرد ناوچەی قەندیل لە باکووری عێراق لە هەشتاکانەوە تا 2000چەقی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دژبە دەوڵەتی تورکیا بووە.

ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری کورد لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە نێو خاکی هەرێم بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ئێستاکە تا ئەو ڕادەیە باش بووە کە هەرێمی کوردستان ڕێگەی بە تورکیا داوە لە نێو خاکی هەرێمدا بنکەی سەربازی دروست بکات و دژی پەکەکە ئوپەراسیۆن ئەنجام بدات. بازرگانیی نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ناوچەکە زۆر گرینگ و حەیاتییە و هەرێمی کوردستان ئێجگار پێویستی بە پارێزگاری کردن لەو پێوەندییە بازرگانییە هەیە.

دۆبۆسن دەشڵێت ئامانجی ئەردۆغان لەوەی کە بەردەوامە لە گوشارخستنە سەر کوردی سووریا و پەکەکە ئەوەیە کە هەوڵ دەدات ئەو گرووپانە لەناوبەرێت و پێگەی جەماوەریی خۆی و حیزبەکەی لە نێو نەتەوەخوازەکانی تورکیا بەرز بکاتەوە.

ئەو نووسەرەی کاروباری کورد جەختیش دەکاتەوە کە ئەردۆغان دەیهەوێت وەک ئەتاتورک قیادەیێکی بەبڕشت و خاوەن دەسەڵات بێت و بەو بۆنەیەشەوە ڕێبازەکەی ئەو پەیڕەو دەکات.

ناوبراو گوتیشی تورکیا تورکیا بەنیازە بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و بەرپەرچدانەوەی پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپە لە ناو بەرێت بەڵام ئەوە خەیاڵی خاوە و هەرگیز تێیدا سەر ناکەوێت.

ئەو نووسەرە لە کۆتاییدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکان لە سیمای تورکیا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکات و دەڵێت دەوڵەتی ئێستای تورکیا لەچاو خولەکانی پێشووتر زۆر گۆڕانی بە خۆوە بینیوە. ئەرۆدغان تورکیای کردۆتە وڵاتێکی ئۆتۆریتەیی کە خۆی لە لووتکەی دەسەڵاتدایە.

ناوبراو زیادیشی کرد ئەردۆغان دەیهەوێت پێوەندیی باشتری لەگەڵ ڕووسیا بێت و دوژمنایەتیی ئەمریکا بکات و تورکیا بەشداربکات لە کاروبارە دەولییەکان بۆ ئەوەی تورکیا بکات بە وڵاتێکی خاوەن دەسەڵاتی ئورئاسیایی کە سەربەخۆ دەجووڵێتەوە و گوایا دەستی دەرەکی نفووزی تێدا نەبێت.

دۆبۆسن لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە ڕوو کە دیار نیە ئایا ئەردۆغان لەم سیاسەتەیدا سەرکەوتوو دەبێت یان خەیر. بۆیە دەبێت دان بە خۆدا بگرین و چاوەڕێ بکەین. بەگشتی کڕینی سیستەمی مووشەکیی ئێس 400 لە ڕووسیا دەلالەتە لە سەر گۆڕانکارییێکی گەورە لە سیاسەت کردنی تورکیا.

News Code 85807

Your Comment

You are replying to: .
captcha