حه‌لبووسی و باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا ته‌ئکید له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی دابه‌زاندنی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ناوچه‌که‌ ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق و باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا کۆ بوونه‌وه‌ و ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 18ی ئابی 2019 نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ناوبراو پێشوازی له‌ ماسیۆ تیوڵه‌ر باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا کردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌ که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق و باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا په‌یوه‌ندی و هاوکارییه‌ ئه‌منییه‌کانی نێوان دوو وڵاتیان خستۆته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا حه‌لبووسی و تیوڵه‌ر دواپێشهاته‌کانی دۆخی سیاسیی ناوچه‌که‌ و جیهانیان تاوتوێ کرد و ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ناوچه‌که‌، گرنگایه‌تیی ده‌ست‌پێکردنی دانووستان بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کان و ڕێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران و پاراستنی سه‌قامگیری کرده‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا محه‌مه‌د حه‌لبووسی ئه‌مریکای وه‌ک وڵاتێکی دۆست ناو برد و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی په‌ره‌پێدانی ئاسۆی هاوکارییه‌کانی نێوان دوو وڵات له‌ بواری ئه‌منی و هه‌واڵگری له‌پێناو به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ تیرۆریزم، له‌ناوبردنی شانه‌ نوستووه‌کانی داعش و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی شه‌ڕ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ کرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ به‌غدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پێبه‌ندیی وڵاته‌که‌ی به‌ پشتیوانییه‌کانی له‌ عێراق کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆریزم و پشتیوانی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی چه‌کدار.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85800

Your Comment

You are replying to: .
captcha