کوردپرێس:
مانگی ڕابردوو دوو لایەنی کوردی سووریا واتا پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریای سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وتبوویان فەڕەنسا لە هەوڵدایە ئاشتیی نێوان ئەو دوو لایەنە جێگیر بکات و هەردوو لاش پێشوازییان لە کارەکەی فەڕەنسا کردبوو.
ماڵپەڕی ئەڵمۆنیتۆر لە زاری بەرەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریاوە وتوویەتی ئەو هەوڵانەی فەڕەنسا بۆ جێگیرکردنی ئاشتیی نێوان دوو لایەنە کوردییەکە پەک خراوە. ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ دەکات کە هێزە کوردییەکانی سووریایە کە لە هەرێمی کوردستان جێگیر کراون. ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا داوای کردووە پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە باکووری سووریا و لە حووڵە سەربازییەکانی ئەو ناوچەیەدا بەشداریی پێبکرێت و چالاکییەکانی ئەندامانیشیان سنووردار نەبێت.
موحسین تاهیر ئەندامی نووسینگەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا کە هاوکات سەرۆکی خۆجێییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریایە لەو بارەیەوە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە ئەنجومەنی نیشتمانی و فەڕەنسییەکان هەر لە سەرەتاوە کە فەڕەنسا پێشنیازەکە پێشکەش کرد بۆیان دەرکەوت کە پەیەدە پێشوازی لە پێشنیازی ئاشتی ناکات و لە سەری ڕژد نیە.
دوو بەرەی پەیەدە و ئەنەکەسە ساڵی 2012ش لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هاوکاریی یەکتر بکەن بەڵام دەقی ڕێککەوتننامەی ناسراو بە هەولێر هەرگیز نەخرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەو هەڵسووڕاوە سیاسییەی سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لەبارەی هۆکاری ڕاگیرانی هەوڵەکانی فەڕەنسا بۆ جێگیرکردنی ئاشتیی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە وتوویەتی ڕەنگە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات سێبەری خستبێتە سەر ئەو هەوڵانە و کارتێکەر بووبێت لە سەر نیازی فەڕەنسا بۆ جێگیرکردنی ئاشتی.
ئەڵمۆنیتۆر ئەوەشی نووسیوە کە بۆ مەسەلەی ئاشتیی نێوان دوو لایەنەکە پێوەندیی بە ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا و هەروەهاش پێوەندیی بە بەرپرسانی پەیەدەوە کردووە بەڵام وەڵامی وەرنەگرتووە.
ئەحمەد سلێمان ئەندامی پارتی کوردیی پێشکەوتنخوازیش بڕوای وایە ململانێی نێوان دوو لایەنی کوردی قووڵتر لەوەیە کە وڵاتێکی وەکوو فەڕەنسا بتوانێت تەداخولی بکات و پەیەدە و ئەنەکەسە لێک نزیک بکاتەوە.
بەڵام چەند چاودێرێکی سیاسیش وەک عیمران مەنسوور بڕوای وایە بڕیارەکەی فەڕەنسا وای کرد مەسەلەی لەبەرچاوگرتنی کوردی سووریا لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتە بێتە ئاراوە و فەڕەنسا دەیهەوێت مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریا ڕچاو بکرێت. ئەگەر ئەم هەوڵانەش ئەنجامی نەبووبێت ئەوا جێگەی ئەسەفە.
ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە ئەگەرچی ڕێککەوتنی عەرەب و کوردی سووریا زەروورە بەڵام ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکانیش لە نێوخۆیاندا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە.
عیمران مەنسوور هەروەهاش بڕوای وایە کە جێگیرکردنی پێشمەرگەی ڕۆژ لە ناوچەی ئارام یەک لە بژاردەکانی ئەمریکایە کە وەک هاوپەیمانی کورد دەوری بینیوە بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا پێشتر ڕەتیان کردۆتەوە کە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ لەو ناوچەیە جێگیر بکرێت.
ئەکرەم حسێن چاودێرێکی سیاسیی سەربەخۆی کوردە لە باکووری سووریا پەککەوتنی هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتیی نێوان لایەنە کوردییەکان بە هەواڵێکی خراپ دەزانێت و دەڵێت پێویستە مەسەلەی کورد بەردەوام لە سەر مێزی دانووستان بمێنێتەوە.
Your Comment