به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مامۆستا قادری له‌و دانیشتنه‌ی مزگه‌وتی قوبای پاوه‌دا ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی خۆی بۆ ناوچه‌ی ده‌شتی زه‌هاو و ئه‌و ناوچانه‌ی بوومه‌له‌رزه تێیدا ڕووی دابوو ئاراسته‌ی کرد.
ناوبراو له‌و باره‌یه‌وه وتیشی: ڕای منیش ئه‌وه‌یه کاره‌ساته‌که له‌وه گه‌وره‌تره که میدیاکان پیشانی ده‌ده‌ن چوونکه هێشتا ئێستاش زۆر که‌س له ژێر ماڵه ڕووخاوه‌کاندا به‌جێماون. زۆر که‌سیش ئازیزانی خۆیانیان به بێ ئاگاداری مه‌رجه‌عه یاساییه‌کان ئه‌سپه‌رده کردووه.
مامۆستا قادری ئاماژه‌ی دا قورسیی کاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌که و وتی: به وته‌ی کارناسه‌کان له 600 ساڵی ڕابردووه‌وه بوومه‌له‌رزه‌ی به‌و گۆڕه له ناوچه کوردنشینه‌کانی ڕۆژئاوای ئێران ڕووی نه‌داوه.
پێشنوێژی هه‌ینیی پاوه ئاماژه‌ی به گیان له‌ده‌ست دانی دوو زانای ئایینیی سه‌رپێڵ­زه‌ها و به‌تایبه‌ت خوالێخۆشبوو مامۆستا عه‌بدوڵڵا ئێلیاسی کرد و وتی: مامۆستا ئێلیاسی زانایێکی گه‌نجی به بیر و به‌سوود بوو بۆ به‌ره‌ی گه‌نج و به بڕوای من مه‌رگی ئه‌و مامۆستایه خه‌ساری له کۆمه‌ڵگای ئایینیی سه‌رپێڵ­زه‌ها داوه.
مامۆستا قادری ڕه‌خنه‌ی له سستی که‌رتی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیی ناوچه‌که گرت و وتی: زۆرینه‌ی به‌رپرسه‌کانمان بۆ کاتی قه‌یران ناشێن ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو یارمه‌تییه‌ی خه‌ڵکی خۆبه‌خش سامانی پێی درابا و به شێوازێکی هاوبه‌ش و به گوێره‌ی ئیستیحقاق دابه‌شیان کردبا بێ گومان کێشه‌کان زۆر که‌متر ده‌بوون.
پێشنوێژی هه‌ینیی پاوه ئاماژه‌ی به لێدوانی پێشنوێژی که‌نگاوه‌ر کرد که له ئاستێکی فراواندا له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو بووه‌ته‌وه و ڕه‌تیش نه‌کراوه‌ته‌وه و هاووڵاتییانی زویر کرد.
ناوبراو له‌و باره‌یه‌وه وتی: پێشنوێژی هه‌ینیی که‌نگاوه‌ر ڕای­گه‌یاندووه گشتپرسییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان هۆکاری ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه بوو ئه‌گه‌ر ئه‌و لێدوانه راست بێت ئه‌وا جێگای داخ و ئه‌سه‌فه. بێ گومان له‌م دۆخه‌ی ئێستاکه‌دا که خه‌ڵک و به‌رپرسان سه‌رقاڵی ئاراسته کردنی خزمه‌تگوزاری و فریاگوزاری بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌ن لێدوانی له‌و چه‌شنه هیچ خزمه‌تێک به هاووڵاتییان ناکات، دیاره گشتپرسی له کوردستانی عێراق کراوه و ژماره‌ی کوژراوان و بریندارانی هه‌رێمی کوردستان ناگاته 150 که‌س به‌ڵام کوژراوان و بریندارانی ئێمه که گشتپرسیشمان نه‌کردووه زیاتر له 8 هه‌زار که‌سه.
مامۆستا قادری داواشی له خه‌ڵک و هاووڵاتییان کرد ئاوڕ له‌و چه‌شنه وتانه نه‌ده‌نه‌وه و هاووڵاتییانی به‌ڕێزیش له وڵامی ئه‌و وته بێ بنه‌مایه‌دا خیره‌تی زیاتر نیشان بده‌ن و یارمه‌تیی زیاتر بنێرنه ناوچه‌که بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌که.
ناوبراو ئاماژه‌ی به نائه‌منیی جاده‌ی سه‌لاسی باواجانی و ڕێگای قه‌ڵخانییه‌کان کرد و وتی: به‌نده به خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی پاوه ڕاده‌گه‌یێنم ئێستاکه جاده‌ی سه‌لاسی باواجانی ئه‌منییه‌تی نییه و که‌لوپه‌له‌کان ناگاته ده‌ست لێقه‌وماوان و ئه‌و که‌سانه‌ی پێویستیان پێیه‌تی و هه‌ر بۆیه‌ش تا ئه‌و کاته‌ی به‌رپرسان و هێزی ئینتیزامی ئه‌منییه‌تی ڕێگاکه دابین ده‌که‌ن کاتی ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌که وریا بن. چونکه ئه‌و کاروانانه‌ی پێشتر چوون له لایه‌ن ژماره‌یێک به‌لاڕێداچوو ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته سه‌ر و باره‌کانیان دزراوه.
مامۆستا قادری له کۆتاییدا سپاسی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌ورامان و کرماشان و تێکڕای ئه‌و که‌سانه‌ی کرد خۆبه‌خشانه یارمه‌تییان ناردووه‌ته ناوچه‌که و داواشی له خه‌ڵک کرد تا ئه‌و جێگای له توانایان دایه درێغی نه‌که‌ن و به هانای خه‌ڵکی لێقه‌وماوی ده‌شتی زه‌هابه‌وه بچن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment