بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەمیر محەمەد دەڵێت: وەكوو ئەنجوومەنی شارەوانیی خانەقین نووسراوەیان ئاڕاستەی پارێزگای دیالە كردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیێكی فەرمی مامەڵە لەگەڵ فەرمانگەكانی سنووری خانەقین بكەن كە چەندین ساڵە لە ناوچەكەدا هەن و سەر بە گەرمیان و هەرێمی كوردستانن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: جەختیان لەوە كردووەتەوە كە دیالە بە شێوەیێكی فەرمی مامەڵە لەگەڵ هەر سێ لایەنی ئاسایش و پۆلیسی ژینگە و پۆلیسی هاتوچۆ بكات چوونكە ئەو دەزگایانە پێشتر ڕۆڵی گرنگیان لە ناوچەكە هەبووە لە رووی ئارامی و پاراستنی ژینگە و رێكخستنی ناوچەكە.
لە دوای ساڵی 2003ەوە هەرێمی كوردستان ژمارەیێک فەرمانگە و دەزگای لە خانەقین دامەزراند لەوانە "دادگا، شارەوانی، پەروەردە، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، ئاسایش، گەشتوگوزار، توندوتیژی دژ بە ئافرەتان".
سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانیی خانەقین وتیشی: "هەرچەندە ئەو دەزگایانە ئێستا لە شارەكەدان و دەوامی خۆیان دەكەن، بەڵام بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت".
مانگی ئۆكتۆبەری 2017 سوپای عێراق و حەشدی شەعبی شاری خانەقینیان كۆنتڕۆڵ كرد. لە یەكەم هەنگاویاندا ئاڵای كوردستانیان لە سەر فەرمانگەكانی ناوچەكە هێنایە خوارەوە و دادگای بەرایی خانەقینیان كردەوە و مامەڵەیان لەگەڵ فەرمانگەكانی سەر بە هەرێمی كوردستان پچراند.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment