كار بۆ له ‌ناوبردنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێم ناكه‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند: لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا ئاماژە بە ناوی پارێزگاکانی باکووری عێراق نەکراوە و حکوومەتی عێراق پابەندە بە سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعد حەدیسی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دەڵێت: پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی و لەو پرۆژەیاسایەدا ناوی پارێزگاکانی باکووری عێراق نەهاتووە و بەپێی دەستوور و مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن نەک پارێزگاکان.

حەدیسی دەشڵێت: بەپێی ماددەی 143ی دەستووری عێراق پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەرێمێکی سەربەخۆن و دەستووریش سنووری ئیداری دیاری کردوون.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە: دەستوور مەرجەعی سەرەکیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە بە بێ جیاوازی و حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوورە و جێبەجێی دەکات. ئەو هەنگاوانەش بەرامبەر هەرێمی کوردستان نراون بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور بووە.

رۆژی 6-11-2017 به سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى و ئاماده‌ بوونى قوباد تاڵه‌بانى، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له ‌باره‌ى ره‌شنووسى یاساى بودجه‌ى عێراقه‌وه بۆ ساڵى 2018 كۆبووه‌وه‌ و رایگەیاند: "ره‌شنووسى ‌یاساكه چه‌ندین مادده و بڕگه‌ى ناده‌ستوورى له ‌خۆى ده‌گرێت و بە ڕوونى ئه‌وه‌ى لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه مه‌به‌ست لێى فه‌رامۆش كردنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستانه كه له ده‌ستوورى عێراقدا وه‌ک هه‌رێمێكى فیدراڵ دانى پێدا نراوه.

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8448

Your Comment

You are replying to: .
captcha