ژماره‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان راگه‌یێندرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌وی ڕابردوو ئاشکرا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێ 7 که‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و زیاتر له‌ 321 که‌سیش به‌هۆی ترس و برینداربوونه‌وه‌ گه‌یێندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌کان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند: به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو (12-11-2017)، 7 كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیان له ‌ده‌ست داوه‌‌.

به‌ گوته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی 4 که‌س له‌وان له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان، 2یان له‌ گه‌رمیان ‌و یه‌کێکیش له‌ سلێمانی بووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ دوو له‌و که‌سانه‌ی له‌ ده‌ربه‌ندیخان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب بوونه‌.

وه‌زیری ته‌ندروستی له‌باره‌ی برینداره‌کانیش گوتی: "120 كه‌س به‌هۆی ترسه‌وه‌ هێنراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌کان، 201 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوونه‌، سه‌رجه‌میان برینه‌كانیان سووكه‌ ‌و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه‌، به‌شێكی زۆریشیان نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه‌".

ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه (12-11-2017)‌، بوومه‌له‌رزه‌یێكی به‌هێز هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی هه‌ژاند، به‌و هۆیه‌وه‌ ته‌نیا له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر له‌ 200 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوون.

شایانی باسه‌؛ سه‌نته‌ره‌كانی جیۆلۆجی ئه‌مریكا و ئێران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی که‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێمی کوردستان، نێوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (هه‌ڵه‌بجه‌ و كرماشان) بووه‌، گوڕه‌كه‌شی له ‌نێوان 7 بۆ 7.6 پله‌ی رێخته‌ر بووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8445

Your Comment

You are replying to: .
captcha