ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگای دوژمنی له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌

به‌شی تورکیا- سه‌رپیل که‌ماڵبای هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان وێڕای ڕه‌خنه‌ له‌ زمان و ڕه‌وشتی حکوومه‌تی تورکیا هه‌مبه‌ر کورده‌کان ڕای­‌گه‌یاند: ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگای دوژمنی له‌گه‌ڵ کورده‌کانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رپیل که‌ماڵبای هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له‌ ئامه‌د و له‌ ڕێگای وتارێکه‌وه‌ باسی له‌وه‌ کرد: لاچوونی سیاسه‌تی گۆشه‌نشین کردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ تورکیا به‌ واتای لابردنی هه‌موو له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م پێشکه‌وتنی دیموکراسییه‌. بۆ دامه‌زراندنی دیموکراسی له‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌بێ هه‌موو پێکه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین. ئه‌وانه‌ی له‌ سیاسه‌تی دیموکراتیک ده‌ترسن وا‌ده‌زانن ده‌توانن به‌ زیندانی کردن کۆنتڕۆڵمان بکه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ خۆر خه‌ریکه‌ هه‌ڵدێت. خه‌ڵکی ڕۆژئاوا ده‌زانن چۆن له‌گه‌ڵ یه‌کتری بژین و ئه‌م کاره‌ به‌ هاوکاریی یه‌کتری ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پاش سه‌رکه‌وتنیان به‌رامبه‌ر به‌ فاشیزمی داعش ئێستا خه‌ریکن کۆمه‌ڵگایێکی دیموکراتیک داده‌مه‌زرێنن. ئێمه‌ش چاومان له‌ ڕۆژئاوایه‌ و خه‌ریکین کۆمه‌ڵگایێکی دیموکراتیک داده‌مه‌زرێنین.

له‌ درێژه‌ی وته‌کانیدا ئاشکرای کرد: زمان و ڕه‌وشتی حکوومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و تاریکی ده‌بات. ئه‌ردۆغان ئه‌وڕۆکه‌ گه‌یشتۆته‌ لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ده‌یه‌وێ له‌ ڕێگای دوژمنی له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌. به‌م سیاسه‌ته‌شه‌وه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانی کۆ کردۆته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌دات ڕژیمێکی تاکه‌که‌سی دامه‌زرێنێت.

که‌ماڵبای وتیشی: ئێستاش له‌ دابه‌زاندنی ڕێژه‌ی یاساییی هه‌ڵبژاردنه‌کان باس ده‌که‌ن. ئێمه‌ دیموکراسیمان ته‌نیا بۆ خۆمان ناوێت به‌ڵکوو بۆ هه‌موو خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ ده‌مانه‌وێت. ئێمه‌ داواکارین یاسای ڕێژه‌ی یاسایی به‌ ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ تا وه‌کوو تێکڕای بیر و ڕاکان نوێنه‌ریان هه‌بێت. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت تورکیا ببێته‌ وڵاتێکی هاوبه‌ش و دیموکراسییه‌تێکی فره‌لایه‌نه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8422

Your Comment

You are replying to: .
captcha