ئەوەی ئێستا بە سەر كورد هاتووە لە نسكۆی 1975 گەورەترە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرەیدوون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: ئەوەی ئێستا بە سەر كورد هاتووە لە نسكۆی 1975 گەورەترە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرەیدوون عەبدولقادر ڕۆژی هەینی لە میانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی كورد لە ئاست بەرپرسیاری نەبوون، بۆیە كورد كەوتووەتە ئەم رۆژەوە كە شكستەكەی لە شكستی نسكۆی ساڵی 1975 گەورەترە.

قسەكانی فەرەیدوون عەبدولقادر لە كاتێكدایە، مانگی 9ی رابردوو كورد لە باشووری كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا كە بەو هۆیەوە كاردانەوە دروست بوو و لە ئەنجامی كاردانەوەكانیش كورد دەسەڵاتی هەموو ناوچە جێناكۆكەكانی لە دەست دا.

ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەشڵێت: ئەگەر كورد و بەرپرسانی هەرێم بە ئەركی بەرپرسیاریی خۆیان هەڵنەسن، ئەوە بەدڵنیاییه‌وه‌ كارەساتەكە گەورەتر دەبێت.

شایانی باسە؛ ساڵی 1975، كاتێک رژێمی عێراق ‌و ئێران رێككەوتن، كۆتایی بە شۆڕشی چەكداری هێزە كوردییەكان لە باشووری كوردستان هات كە ئەوەش لە مێژووی كورددا بە نسكۆی 1975 ناو دەبرێت.

سەرچاوە: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8401

Your Comment

You are replying to: .
captcha