کوردپرێس: حه‌فته‌نامه‌ی ئاژانس به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌یێكى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى عێراق ڕای‌گه‌یاند: له 1ی ئه‌م مانگه‌دا سه‌میره مووسه‌وى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانیى نیشتیمانیى شیعه ئیمزاى 69 په‌رله‌مانتارى كۆ كردووه‌ته‌وه بۆ داوا كردن له توركیا و ئه‌مریكا و وڵاتانى ئه‌ورووپا بۆ بلۆک كردنى پاره‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه به‌پێى وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ستیان له به‌قاچاغ بردنى نه‌وتدا هه‌بووه.
به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌كه ئه‌و داواكارییه بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پارانه بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى حكوومه‌تى عێراقى و پاڵپشت بێت بۆ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان.
جاسم به‌یاتى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق كه نزیكه له حه‌یده‌ر عه‌بادیى سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه به "ئاژانس"ى وت: "ئه‌و پێشنیاره نێردراوه بۆ لیژنه‌ى دارایی و یاسایی تا بڕیارێک له‌و باره‌وه ده‌ربكرێت و له په‌رله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت و دواتریش ئاراسته‌ى دادگا ده‌كرێت به مه‌به‌ستى ده‌ركردنى بڕیارى بانگهێشت و ده‌ستگیر كردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له به‌قاچاغبردنى نه‌وته‌وه گلاون و دواتریش حكوومه‌ت ڕێوشوێنى خۆى ده‌گرێته به‌ر".
جاسم به‌یاتى وتیشى: "له‌و لیسته‌دا چه‌ندین به‌رپرسى هه‌رێمى كوردستانى تێدایه، له‌وانه مه‌سعوود بارزانى و هه‌ندێک له كوڕه‌كانى و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایی و نه‌جمه‌ددین كه‌ریم پارێزگارى که‌رکووک و كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیى نیشتیمانیی کوردستان".
به‌یاتى ئاشكراشی كرد: له ئێستادا حكوومه‌تى عێراقى ده‌ستی كردووه به هه‌وڵه‌كانى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى 8 ملیار دۆلارى داهاتى نه‌وتى هه‌رێم له توركيا، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له 10 ملیۆن دۆلار ده‌كات كه وه‌ک بودجه‌ى پترۆدۆلار دراوه به پارێزگارى که‌رکووک.
ئه‌و هه‌نگاوه له پاش ئه‌وه دێت كه له 27-9دا و دوو ڕۆژ دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمى كوردستان عه‌بادى ڕای‌گه‌یاند: وه‌زیرى دوورخراوه‌ى داراییی هه‌رێمى كوردستان ئاگادارى هه‌ژمارى پاره‌ى هه‌نارده‌ى داهاتى نه‌وتى هه‌رێم نییه و چه‌ندین ڕێژه‌ى زۆرى نه‌وتى كه‌ركووكیش فرۆشراوه به بێ ئه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى دیار بێت و داواشى له دیوانى چاودێریى دارایی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانىتر كرد كه لێكۆڵینه‌وه له‌و دۆسیه‌یه‌دا بكه‌ن.
فالح خه‌زعه‌لی ئه‌ندامى لیژنه‌ى داراییی په‌رله‌مانى عێراق به "ئاژانس"ى وت: ״خێزان و خانه‌واده‌ى بارزانی تۆمه‌تبارى یه‌كه‌من له پرسی به‌قاچاغبردنى نه‌وت له ڕێگه‌ى توركیا و ئێرانه‌وه كه به‌شێكى ئه‌و داهاته دراوه‌ته ئه‌و وڵاتانه‌ى له ڕێگه‌یانه‌وه پڕۆسه‌كه ئه‌نجام دراوه".
فالح خه‌زعه‌لی وتیشى: "پێشتر نه‌وتى که‌رکووک و شێخان و زوممار له ڕێگه‌ى ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه به قاچاغ ده‌برا بۆ توركیا".
خه‌زعه‌لی وتى: "پاره‌ى داهاتى نه‌وتى هه‌رێم و که‌رکووک خراوه‌ته سه‌ر هه‌ژمارى تایبه‌تیى كه‌سی و به‌شێكیشان خراونه‌ته سه‌ر هه‌ژمارى كۆمپانیاى وه‌همى یان سه‌رمایه‌دارانه‌وه كه سه‌رجه‌میان پاره‌ى خانه‌واده‌ی بارزانین و به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ش كه به ده‌ستمان گه‌یشتووه ئه‌و پاره‌یه له ساڵى 2003وه تا ئێستا زیاتر له 40 ملیار دۆلارى ئه‌مریكییه".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment