٨ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ١٣:١٩
گۆڕان لە دوو ڕێیانێکی سەختدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە وتارێکدا سەبارەت بە سەرهەڵدانی گۆڕان عەدنان عوسمان، مەحموود رەزا و هۆشیار عەبدوڵڵا دەنووسن: سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە هەنگاوی یەکەمیەوە هەوڵدان بوو بۆ تێپەڕاندنی شێوازی نەریتەوانی لە کار کردنی حزبیانەدا.

کوردپرێس: ئەو سێ نووسەرە لەم وتارەدا ڕێگاکانی بەردەم گۆڕانیان خستۆتە ڕوو و دەیشڵێن: "نەوشیروان مستەفا لە فنجانێکدا گەردەلوولی ئەخولقاند، جێنشینەکانی گەردەلوولێ ئەهێننەوە نێو فنجانەکە."

دەقی وتارەکە:

گۆڕان بزووتنەوەیێکی جەماوەری بەرهەڵستکار و دژەسیستەمی حوکمڕانی حزبییانەی هەرێم بوو. پایەکانی گۆڕان لەسەر سێ بنەمای گرنگدا کوترا بوون: 1- هاووڵاتی بوون 2- گۆڕانکاری و حکوومەتی رەشید 3- دژایەتیی گەندەڵی.

بەمەش خۆی لە هەر چوارچێوەیێکی فکریی بەرتەسک و چەقبەستوو رزگار کرد و بوو بە یەکەمین حزبی کوردستانی کە لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن کار بۆ گۆڕانکاری بکا.

لە ماوەی رابردوودا گۆڕان هێزی کاریگەر و بزوێنەری شەقام و داخوازی هاووڵاتییان بوو بەڵام هەست ئەکەین ئێستا لە دوو ڕێیانێکی مەترسیدار و چارەنووسسازدا گیری خواردووە:

رێگای یەکەم:

ئەوەیە کە ئێستا ئه‌گوزەرێ. خانەی راپەڕاندن، لە ئەنجامی پێکەوە نەگونجانی ئەندامەکانیان و لە غیابی دیدگای رۆشنیان بۆ پرسە سیاسییەکان و نەبوونی هەڵوێستی شێلگیرانە و لێبڕاوانەیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و خولانەوەیان بە دەوری کێشەکاندا و هەوڵ نەدانیان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا و رۆشن و ئازایانە لە بەرامبەر کۆی پرسە سیاسییە گشتی و ناوخۆییەکاندا لە لایێک و سەرگەرمیان بە کێشە و ململانێی نێوان خۆیانەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیان بە دۆخێک گەیاندووە کە لە هێزێکی خولقێنەری رووداو و دەسپێشکەری کاریگەرەوە کردوویانە بە هێزێکی پاسیفی بێ کاریگەر و بێ ئیرادە.

سەرەڕای ئەوانە، هەست ئەکەین وا خەریکە بزووتنەوەکە بە کاوەخۆ لە بزووتنەوەیێکی سیاسی- کۆمەڵایەتیی بەرفراوانەوە ئەگۆڕێ بە بزووتنەوەیێکی تایبەت بە گرووپێکی ئایدیۆلۆجیی دیاریکراو، بۆ گرووپ و بژاردەیێکی سیاسیی دیاریکراو کە تا دێ زیاتر لە فیکری دادپەره‌ستی دوورتر و لە قوتابخانە فیکرییە مایەپووچەکەی حیزبە نەریتەوانەکانی مەنزوومەی کوردایەتی نزیکتر ئه‌بێتەوە. ئەو حاڵەتە بە روونی لە پرسی ریفراندۆم و هەڵوێستەکانی دوای ریفراندۆم و لە گوتاری نوێی بزووتنەوەکەدا رەنگی داوەتەوە.

لە ماوەی تەمەنیدا، خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جگە لە بەیاننامە و کۆبوونەوەی بێ‌ئەنجام و هەوڵدان بۆ سنووردار کردن و لاواز کردنی گوتاری ئیعلامی گۆڕان و خاتر گرتنی پاڵەوانە موزەیەفەکانی کوردایەتی، هیچ هەنگاوێکیتری لێ نەبینراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نیگای زۆرینەی جەماوەر، تەنانەت هێزە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکیه‌کانیش لەسەر دوا هەڵوێست و هەنگاوی بزووتنەوەکەیە. ئەو پاشەکشێیە لە کاری سیاسیدا، هاوشانی دوور کەوتنەوەی خانەیە لە کاری دەستەجەمعی و راوێژ و گفتوگۆی ناوخۆیی کە کۆڵەکەیێکی گرنگی شێوازی کارکردنی کاک نەوشیروان بوو.

دواجار، هەست بە مەترسیێکیتریش ئەکەین کە بریتییە لە بڕیاردانی تاکلایەنە و یەکلا کردنەوەی پرسە گرنگەکان بە بێ راوێژ و وەرگرتنی رەزامەندیی جڤاتەکان و ژوورەکان بۆ نموونە: "دیاری کردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی هەرێم و لیستی کاندیدەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیست".

لە ئێستادا، بەم شێوازی بەڕێوەبردنە لە لایەن خانەی راپەڕاندنەوە، گۆڕان لە ساتەوەختێکی مەترسیداردایە کە ئەگەری داڕووخانی سیاسی و جەماوەری و لێکترازان و دوور کەوتنەوەی هەڵسووڕاوە ئازا و جەسوورەکانی لێ ئەکرێ.

سەرەتای سلبیانەی ئەم قۆناغە لە کۆنترۆڵ کردن و مۆنۆپۆڵ کردنی سەرجەم پۆستەکانی خانەی راپەڕاندن و بڕیاری بزووتنەوەکەوە بوو لە لایەن گرووپێکەوە، بە بێ گوێ گرتن بۆ دوا پێشنیاری نووسراوی کاک نەوشیروان لەسەر ئیدارەدانی بزووتنەوەکە کە داوای کردبوو بە بەشداریی هەموو توانا و نەوەکان بێ.

رێگای دووەم:

دەرباز کردنی گۆڕان و گەڕاندنەوەیەتی بۆ سەر سکە راستەقینە و کاریگەرەکەی خۆی. گۆڕانخوازان جگە لە هەڵبژاردنی ئەم رێگەیە هیچ ئاسۆیێکیتریان لە بەردەمدا نییە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە گفتوگۆیێکی ناوخۆیی و راشکاوانه‌ بۆ گەڵاڵە کردنی یەکێ لەم سیناریۆیانە دەس پێ بکا:

سیناریۆی یەکەم:

جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدا پێش کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ یان لە مانگی جانیڤێریی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە بنکەوە بۆ لووتکە (بە خانەی راپەڕاندن یشەوە) بکرێن، بە مەرجی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو چالاکوان و هەڵسووڕاوانی گۆڕان. دوای ئەوە ژوورەکان و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە بە گوێرەی دەستووری ناوخۆ سەر لە نوێ دابڕێژرێنەوە.

سیناریۆی دووەم:

جڤاتی نیشتمانی لیژنەیێکی پسپۆڕ پێک بهێنێ بۆ چوونەوە بە دەستووری بزووتنەوەکەدا و نەهێشتنی ئەو خەلەلانەی لە کاتی جێبەجێ کردندا لە دەستوورەکەیدا دەرکەوتوون. لە هەمان کاتدا ئامادەکاریی بکرێ بۆ بەستنی کۆنفرانسی دووەمی بزووتنەوەکە پێش کۆتایی ٢٠١٧ یان لە مانگی جانیڤێریی ٢٠١٨دا، بۆ پەساندنی دەستووری نوێ و گفتوگۆ کردنی پرسی هاوپەیمانیی پێش هەڵبژاردن و بەرنامە و دروشمەکانی ئەو هاوپەیمانییە.

سیناریۆی سێیەم:

ئەگەر یەکێ لەو دوو سیناریۆیەی سەرەوە نەهاتنە دی، سیناریۆی سێیەم بریتی بێ لە:

جڤاتی نیشتمانی لیژنە یان دەستە یان گرووپی ئیدارەی قەیران، لە هەڵسووڕاوە شارەزا و بە ئەزموونەکان پێک بهێنێ، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی جڤات و راپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و یەکخستنی گوتاری سیاسی و میدیاییی بزووتنەوەکە و بەرپرسیار بێ لە بەردەم جڤاتی نیشتمانیدا. ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش، بە رێکخەری گشتیشەوە، تا هەڵبژاردنی داهاتوو، تەنها سەرقاڵی کارە کارگێڕییەکان بن و بۆ مەسەلە سیاسییەکانیش هاوکار و راوێژکاری گرووپی قەیران بن.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8378

Your Comment

You are replying to: .
captcha