مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی شڵه‌ژاوی و ڕاپه‌ڕین له‌ ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کانی سووریا

به‌شی جیهان- ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌نووسێت: وه‌ستانه‌وه‌ هه‌مبه‌ر پڕۆژه‌ی فیدڕاڵی ئاماژه‌پێکراوی کورده‌کانی سووریا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و پرسه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌ستکه‌وتی کورده‌کانی پاڵپشتیکراوی ئه‌مریکا له‌ سووریا ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ڕاپۆرتێکدا نووسیی: له‌لایێکه‌وه‌ تورکیا خه‌ریکه‌ ته‌نگه‌ژه‌ له‌ نێوان عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان و هێزی کوردی سووریا ناسراو به‌ YPG له‌ ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کانی سووریا ده‌نێته‌وه‌ و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ داعش خه‌ریکه‌ په‌ره‌ به‌و ته‌نگه‌ژانه‌ ده‌دات که‌ مومکینه‌ ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی گرووپه‌ سه‌له‌فی-جه‌هادییه‌کان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بێت.

به‌پێی ڕاپۆرتی ئه‌نیستیتۆی توێژینه‌وه‌ی شه‌ڕ، پاڵپشتیی تورکیا له‌ گرووپه‌ سه‌ربزێوه‌کانی دژه‌کورد له‌ ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌کانی کورد-عه‌ره‌بی باکووری سووریا مومکینه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دووباره‌ی ئه‌لقاعیده‌ که‌ ئه‌ویش به‌ دوای که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ته‌نگژه‌ فیرقه‌ییه‌کانه‌.

ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌کانی شه‌ڕ زیاتر ده‌نووسێت: درێژه‌ی زاڵبوونی هێزه‌کانی YPG و سووربوون له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی فیدڕاڵی له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی ناوچه‌یی له‌ دژی هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک به‌ ڕێبه‌ری کورده‌کان. له‌م دواییانه‌دا خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ یاسای زۆره‌ملێ ئه‌و هێزانه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هێز له‌ مه‌نبه‌ج و ده‌ڤه‌ره‌کانی له‌ ڕۆژانی 3 تا 5ی نۆڤێمبێر خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا و دووکانه‌کانیان داخست.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه‌ کراوه‌ که‌ له‌م دواییه‌دا له‌ شاری ڕه‌قه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ جه‌ژنی سه‌رکه‌وتن هه‌مبه‌ر داعش وێنه‌کانی ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری په‌که‌که‌یان نیشان دابوو خۆپیشاندان ئه‌نجام دراوه‌. ئاماده‌بوونی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌و شاره‌ به‌ زۆرینه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌ ده‌توانێت ببێته‌ هۆی ته‌نگه‌ژه‌ی فیرقه‌ییی نێوان کورده‌کان و عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ کراوه‌ که‌ تورکیا و هاوپه‌یمانانی ده‌یانه‌وێت به‌ په‌ره‌پێدان به‌و ته‌نگه‌ژانه‌، خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ دژی کورده‌کان هه‌ڵخڕێنن. بۆ نموونه‌ گرووپی جووڵه‌ی "ئه‌لقیام" که‌ ده‌وترێت تورکیا پشتیوانی لێده‌کات له‌ پاڵپشتی کردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ مه‌نبه‌ج به‌یاننامه‌ی ده‌رکردووه‌.

له‌ کۆتاییدا ئاماژه‌ کراوه‌ که‌ داعشیش ده‌ست به‌تاڵ دانه‌نیشتووه‌ و ئه‌م جاره‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی دژی خه‌ڵکی سڤیل -که‌ له‌م دواییه‌دا نموونه‌گه‌لێک له‌وه‌ بینراوه‌- ده‌یه‌وێت ناڕه‌زایه‌تیی ناوچه‌یی دژی هێزه‌ کوردییه‌کان ته‌شه‌نه‌ پێ بدات. داعش به‌تایبه‌ت به‌ هێرش کردنه‌ سه‌ر که‌مپی ئاواره‌کان له‌ ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کان ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کان له‌ دابین کردنی ئاسایشی ئه‌و که‌مپانه‌ بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و له‌ ئاکامدا ئاواره‌کان دژی هێزه‌ کوردییه‌کان بورووژێنێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8357

Your Comment

You are replying to: .
captcha