بەغدا مووچە و 17% بنێرێت، سەرجەم داهاتەکانی رادەست دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانی لە بارەی رەوشی هەرێمی کوردستان و ناردنی بودجە و مووچە لە لایەن بەغداوە سازکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رای گەیاند: "ئەگەر حکوومەتی عێراق مووچە و 17% ی بودجە و بەپێی دەستوور شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئامادەین نەوت و فڕۆکەخانەکان و دەروازەکان و سەرجەم داهاتەکانیان رادەست بکەین".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە 6-11-2017 لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کەمکردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسایی بودجەی 2018 ی عێرادا لە17% بۆ 12.67% تاوتوێکرا، کە دوێنێ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسندکرا. هاوکات بەگشتی باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراو دوای کۆبوونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "خۆتان ئاگاداران و دەزانن هەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئێمە بەهیواوە بڕوانینە پاشەڕۆژی خۆمان و دڵنیابین لەوەی بە یەکگرتوویی و بە یەکڕیزی ناوخۆمان چ لایەنە سیاسییەکان و چ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان ئێمە ئەم قۆناخە سەختەش تێدەپەڕێنین، مەرجی ئەو سەرکەوتنەش ئەوەیە واز لە بەرژەوەندی حیزبی و کەسی بهێنین و هەموومان پێکەوە بە یەک دەنگ وەکو کورد، وەکو ئەو میللەتانەی پێکەوە لە کوردستاندا دەژین، ئەم قۆناخە سەختە تێبەپەڕێنین".

بە ئاماژەیکردن بەوەی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی رووداوی ناخۆش روویاندا و نایەوێت بگەڕێتەوە سەر ئەو رووداوانە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "دوای 26ی مانگ بەداخەوە کۆمەڵێک شتی ناخۆش روویاندا، من نامەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو باسە، من دەمەوێت جەخت لەسەر چەند خاڵێک بکەمەوە، یەکەمیان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەو دەستوورەی کە هەموو گەلی عێراق دەنگیان پێداوە، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، پێشتر و ئێستاش جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئامادەیە بۆ بەرقەراربوونی سەقامگیری لە ناوچەکە، لە عێراق و کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا گفتوگۆیەکی سازندە و رێکوپێک لەگەڵ عێراق بکات، بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراقدا بێت بە گەلی کوردستانیشەوە".

لە بارەی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی هێزیش لەلایەن بەغداوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە پێمانوانییە کێشەکان بە سەربازی چارەسەردەبن، ئێمە پێمانوانییە بە هێنانی سوپا و هێزی سەربازی ئێمە دەتوانین کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، چارەسەری کێشەکان دیالۆگێکی سیاسی جددی دەوێت لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، بۆ هەموو ئەو کێشانەی ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان و عێراق هەمانن".

نێچیرڤان بارزانی بەدڵنیاییەوە پێی وابوو 14 ساڵی رابردوو بۆ هەردوو لا وا نەبووە بەوەی کێ لە چ قۆناخێکدا بەهێزە و کێ لە چ قۆناخێکدا لاوازە و کێشەکان بە رێگەی سەربازی و هێز چارەسەر نابن، گوتیشی: "ئێمە سەیری ئەو کێشانە دەکەین وەکوو کێشەکانی نێو ماڵێک، کێشەکانی نێو ماڵێک هەرگیز بەوە چارەسەر نابن من گەورەترم و بەزۆر دەبێت شت بسەپێنم لەسەر ئەوانی دیکە بەمەش، بەڵکوو کێشەکان بەوە چارەسەر دەبن دەبێت تەفاهوم لەگەڵ یەک بکەین، 14 ساڵی رابردووش لە 2003 وە ئەوەی بۆ ئێمە سەلماندووە کە دەبێت ئێمە ئەو کێشانە بەشێوەیێکی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بکەین، ئەو دەستوورە مومکینە ئێمە تەفسیری جیاوازمان هەبێت لە دەستوورەکە، بەڵام دەکرێت ئەمانە بە گفتوگۆ یەکلایی بکەینەوە".

بەداخیش بوو بۆ پەسندکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە و گوتی: "زۆر بە داخەوە دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا پرۆژەی یاسای بودجەیان پەسند کردووە، یان پەسندی دەکەن و بۆ سەرۆک وەزیران بەجێیان هێشتووە، ئێمە کۆمەڵێک تێبینیی زۆر جددیمان هەیە لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە، یەکەم شت پێمان وایە لەو پرۆژەیاسایەدا بەشێوەیێکی روون و ئاشکرا باسی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵکوو باسی مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان دەکات، کە ئەمە پێشێلکاریی دەستووری عێراقە، چوونکە بەپێی ئەو دەستوورە قەوارەی سیاسیی کوردستان ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک یاساوە رێکخراوە، ئێمە پێمان وایە دەبێت هەر بەو شێوەیەش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت".

هەروەها گوتیشی: "زۆر باس لەوە دەکرێت، بێگومان ئەو پرۆژەیاسایەش کە بەپێی یاسا دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسە بکرێت و رێکبخرێت، بەهیچ شێوەیێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان باس نەکراوە و قسەی لەسەر نەکراوە، بەڵکوو یەکلایەنە لە وەزارەتی دارایی ئەو رەشنووسە ئامادە کراوە کە ئێستا خودی جەنابی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتیی کارەکانی وەزارەتی دارایی دەکات، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ قسە کردن لەگەڵ هەرێمی کورستان".

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو و رایگەیاند: "زۆرجار باس لەوە دەکرێت بەڵێ بەغدا ئامادەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، من لێرەوە رایدەگەیێنم ئەگەر بەغدا ئەو نییەتەی هەیە، ئێمە پێشتریش باسمان کردووە، ئەمە یەکەمجار نییە، دەمەوێت جارێکی دیکەش دووبارەی بکەمەوە، لیستەکانی ئێمە لەسەر بنەمای ئەو بایۆمەترییەی کە کردوومانە ئامادەن، هەر کاتێک بەغدا بیەوێت لیستەکانی ئێمە ببینێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی جێبەجێ بکات، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئێمە هیچ رێگرییەکمان نییە و ئامادەین، ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان، ئەگەر فیعلەن بیانەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان بدەن".

لەبارەی هەڕەشانی حکومەتی عێراقیش بۆ بەکار‌ینانی هێز و ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر کەردستان نێجیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لە حاڵی حازردا ئەو مەوقیف و ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە، بەتایبەتی کە خۆتان دەزانن سوپایەکی زۆر لە حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە لە ناوچەکانی رەبیعە و سحێلا و ئەو شوێنانە کۆکراوەتەوە، ئێمە پێمانوایە ئەمە پێویست نییە، ئێمە پێمانوایە دەکرێت بە دانیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرێکی زۆر گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەو کێشانەی لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەن، ئێمە داوادەکەین ئاگربەستێکی بەردەوام هەبێت، داواش دەکەین بەپەلە بەغدا رەزامەندی لەسەر دیالۆگێکی سیاسی جددی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکدات، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە".

لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانیش لەبارەی چەند پرسێک لەوانە رێژەی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەدەستیداوە و کاریگەرییەکانی لەسەر مووچە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "داهاتی هەرێمی کوردستان زۆر کەمی کردووە، لە ئەنجامی ئەو دۆخەی لە کەرکووک روویدا، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە نیوە کەمیکردووە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش کاریگەری دەبێت، هەموو هەوڵێکی ئێمەش بۆ ئەوەیە ئەگەر ئێمە بکەوینە رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا کە هیوادارین بکەوینە ئەو رێککەوتنە، ئەوەی تەنیا بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە بەغدا پابەندی ئەوە بێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی دابین بکات".

لەبارەی پرسی نەوت و ئاییندەی بۆڕی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاش نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە دەبێت دانیشتنێک بکەین و لەو دانیشتنەدا بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش، ئەگەر فیعلەن میزانییەی هەرێمی کوردستان رێژەی 17% بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە ئامادەین بابەتی نەوتیشیان رادەست بکەین، ئامادەشین گفتوگۆ بکەین، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە مافی هەرێمی کوردستان دەستەبەربکەین بەپێی ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کاتی خۆی کردوومانە، چونکە سەرژمێری لە کوردستان نەکراوە و لەسەر بنەمای 17% ئێمە رێککەوتنمان کردووە، رێککەوتنەکەش رێککەوتنێکی سیاسی بووە، هەرکاتێکیش سەرژمێری بکرێت بەپێی ئەو سەرژمێرییە پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ئێمە پێمانوایە هەتا ئێمە دەگەینە ئەو قۆناخە شتەکان دەبێت وەکو خۆی بمێننەوە، دەبێت گفتوگۆیەک دەستپێبکەین لەگەڵ بەغدا بۆ هەموو ئەو کێشانەی ئێستا هەن و لەگەڵ ئەوانیش پرسی نەوت، ئێمە ئامادەین".

سەبارەت بە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد لەبەرامبەر بەغدا بۆ گفتوگۆکردن و دانوستاند رایگەیاند: "هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە رەنگدانەوەی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، تا راددەیەکی زۆر یەکگرتووە بۆ ئەو گفتوگۆیەی ئێمە لەگەڵ بەغدا دەیکەین، ئێمە هیوادارین بەغداش یاری بەو کارتە نەکات، لێرە پێویستە هەموومان پرسیارێکی جددی لەخۆمان بکەین، ئایا ئێمە لە عێراق سەقامگیریمان دەوێت یان نا، ئەگەر ئەم پرسیارە پرسیارێکی جددیە، کە هەم بەغدا دەبێت لەخۆی بکات و هەم ئێمەش، دووەم کێشەکانی عێراق چۆن چارەسەردەبن؟ ئایا بەوە چارەسەردەکرێن کە کێ بەهێزە و کێ لاوازە؟ بەمەش چارەسەرناکرێت، مێژووی عێراق ئەوەمان پێشاندەدات، کەواتە بە بڕوای من کێشەکانی عێراق لەگەڵ کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە یەک پێوەر چارەسەردەکرێن، ئەویش بە گفتوگۆیەکی ستراتیژیی جددی و دانیشتن بە دیالۆگ، بە مێشکێکی کراوە نەک کێ سەرکەوتووە و کێ لاوازە، ئەگەر دەمانەوێت سەقامگیری لەم وڵاتەدا هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت ئارامی هەبێت، ئەگەر دەمانەوێت پێکهاتەکانی دیکەی عێراق هەموومان پێکەوە لە جوگرافیایەکدا بژین کە پێیدەگوترێت عێراق، ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی جددی هەیە دوور لەوەی کێ سەرکەوتووە و کێ شکستی هێناوە، بەڵێ ئێمە بەم تێگەیشتنە دەتوانین ئاییندەیێکی زۆر باش بۆ هەموو گەلی عێراق چاوەڕوان بکەین، بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و هەموو پێکهاتەکانی دیکە".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا لەبارەی ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و خواستی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش بۆ هەمان مەبەست، بەڵام بۆچی تا ئێستا ئەو دانوستاندنە دروست نەبووە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تائێستا بەغدا ئامادەنییە دەست بەو دیالۆگە سیاسییە بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەگەرنا ئێمە هەڵوێستمان روونە، ئێمە ئامادەین بە زووترین کات لەگەڵ بەغدا دەست بەو دیالۆگە بکەین".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا کە بریتیبوو لە: ئایا هیچ هەوڵێک لەلایەن ئەمریکاوە هەیە بۆ ئەوەی جەنبتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق یەک ببینن؟ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تائێستا بە فەرمی ئەو هەوڵە نییە، بەڵام ئەو رەغبەتە لەلایەن ئێمەوە وەکو هەرێمی کوردستان هەیە، داوادەکەین ئەو دیالۆگە دەستپێبکات، هیچ پێویست ناکات ئەو گرژیانە لە هیچ شوێنێکی کوردستان بمێنن، ئێمە ئەو رەغبەتەمان هەیە، ئامادەییمان هەیە بۆ ئەوەی بە دیالۆگ هەموو کێشەکان چارەسەربکەین و بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ بەغدا".

لەبارەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانیش: ئایا تاوەکوو ئێستا بەفەرمی داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە، هەڵوێستی ئێوە لەبارەی گەڕانەوەیان چییە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا، پێشتریش گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم، ئەوان خاوەنی ژمارەیێک کورسینە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە ناتوانین ئەو کورسیانە نادیدە بگرین، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو کێشانەی کە پێشتر روویاندان، ئەگەر پرسیار لە رەغبەتی منیش بکەی، بەڵێ من پێمخۆشە وەزیرەکانیان بەزووترین کات بگەڕێنەوە بۆ نێو کابینە و دەست بە کاری خۆیان بکەن، من ئەوەم پێخۆشە و حەزیش دەکەم بگەڕێنەوە".

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8313

Your Comment

You are replying to: .
captcha