چێکردنی مووشه‌کی دووربڕ فه‌توای ڕێبه‌ری شۆڕش نه‌بووه‌

به‌شی کرماشان- ئه‌ندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: چێکردنی ئه‌و مووشه‌کانه‌ی توانای بڕینی مه‌ودای 2 هه‌زار کیلۆمه‌تریان هه‌یه‌ فه‌توای ڕێبه‌ری شۆڕش نه‌بووه‌ و ئێران ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتێژیی به‌رگری ئه‌و مووشه‌که‌ی چێ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ورووپییه‌کان نه‌که‌ونه‌ داوی ئه‌مریکا و ڕژێمی زایۆنی و تێبگه‌ن ئه‌م مووشه‌کانه‌ ده‌توانن هێڵێکی به‌رگری بن بۆ هه‌موو چه‌شنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییێک له‌لایه‌ن ئه‌ورووپییه‌کانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حێشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت‌پیشه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشکرای کرد: بڕیاری چێکردنی مووشه‌که‌ دووربڕه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بڕیاری وه‌ستاندنی پڕۆژه‌ی مووشه‌کیی شه‌هابی 4 که‌ ساڵی 2011 ده‌رکرا.

ناوبراو زیادی کرد: ساڵی 2011 ئێران به‌ فه‌رمی ڕای‌گه‌یاند پڕۆژه‌ی مووشه‌کیی شه‌هابی 4ی وه‌ستاندووه‌ که‌ زیاتر له‌ 2 هه‌زار کیلۆمه‌تر مه‌ودای ده‌بڕی. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ پێشتر تاقیکاری بۆ مووشه‌کی شه‌هابی 3 سه‌رکه‌وتوو بوو.

فه‌لاحه‌ت پیشه‌ درێژه‌ی پێدا: ئێران توانای چێکردنی مووشه‌کی به‌هێزتریشی هه‌یه‌ و ده‌توانێت له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر چه‌شنه‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یێکی ڕژێمی زایۆنی هێڵی به‌رگری بۆ خۆی چێ بکات.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان وتیشی: چێکردنی ئه‌و پڕۆژه‌ مووشه‌کییه‌ فه‌توای ڕێبه‌ری شۆڕش نییه‌. به‌ڕێزیان ته‌نها سه‌باره‌ت به‌ پرسی چه‌کی ئه‌تۆمی فه‌توایێکیان له‌سه‌ر حوکمی ئیمام ده‌رکردووه‌. ئیمام فه‌رمووی "بۆمبی ئه‌تۆم به‌رهه‌م ناهێنین چوونکه‌ قه‌ده‌غه‌ی شه‌رعیی تێدایه‌" به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ مووشه‌ک و توانای بڕینی مه‌ودا فه‌توایێک ده‌رنه‌کراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8300

Your Comment

You are replying to: .
captcha