بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل حەدیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی لە كەركووک رای گەیاند "ئێمە وەكوو عەرەبی سونە لە مافەكانمان بێبەش كراوین، بۆیە دەمانەوێت پۆستەكانی كەركووک بەشێوەیێكی دادپەروەرانە بەسەر پێكھاتەكاندا دابەش بكرێن."
پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی شاری كەركووكی كرد و لەگەڵ بەرپرسە ئەمنیەكانی ئەو شارەدا كۆ بووەوە، لە كۆبوونەوەكاندا باسی لە دابەش كردنی پۆستە ئەمنییەكان بەرێژەی ٣٢% بەسەر پێكھاتەكاندا كردبوو.
ھەروەھا ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیش لە راگەیێندراوێكدا، كە رۆژی ھەینی بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە لە رۆژانی داھاتوودا شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ دابەش كردنی پۆستە ئەمنییەكان بەسەر پێكھاتەكاندا سەردانی شاری كەركووک دەكات.
ھەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ دووبارە دابەش كردنەوەی پۆستەكان لە كاتێكدایە، لە ئێستادا پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و بەرێوەبەری پۆلیسی كەركووک و زۆربەی دەزگا ئەمنی و ئیدارییەكان لای كوردە، كە بەغدا دەیەوێت لە رێگەی لێسەندنەوەی ئەو پۆستانە، پێگەی كورد لە پارێزگاكە لاواز بكات.
بەڵام ئەحمەد عەسكەری ئەندامی كوتلەی كوردی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند "ئێمە وەكوو كورد، كە زۆرینەین لە كەركووک، دابەش كردنی پۆستەكان بە یەكسانی رەت دەكەینەوە و داوا دەكەین بەپێی دەستوور مامەڵە بكرێت."
ئەحمەد عەسكەری راشی گەیاند، "ئەگەر ئەوان پۆستەكان دابەش بكەن، ئەوا چی پۆستی گرنگ هەیە بۆ خۆیان دەیبەن و پۆستە لاوەكیەكان بۆ كورد جێدەھێڵن."
كوتلەی كوردی لە كۆی ٤١ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک خاوەنی ٢٦ كورسییە، بەڵام حیزب و لایەنە كوردییەكان لە سەر پێكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا یەكدەنگ نین، بۆیە بەشێک لە بەرپرسانی كورد پێیان وایە یەكدەنگ نەبوونیان ھێندەی تر پێگەیان لە كەركووک لاوازتر دەكات.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment