به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق له لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند: هه‌ولێر له‌و ڕێككه‌وتنه پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه كه له نێوان شاندێكی سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌دا ئه‌نجام دراوه.
هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا نووسیویه: لێره‌دا ڕایده‌گه‌یێنین كه هیچ ڕێككهوتنێک له نێوانماندا واژۆ نه‌كراوه، ته‌نیا ڕه‌شنووسێكی ڕێككه‌وتن له‌لایه‌ن شاندی سه‌ربازیی حكوومه‌تی عێراقه‌وه پێشكه‌ش كراوه و له ڕۆژی دواتری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو شاندی حكوومه‌ت و هه‌رێمی كوردستانیشدا، ڕه‌شنووسێكی جیا له‌وه‌ی یه‌كه‌م كه شاندی سه‌ربازی پێشكه‌شی كردبوو، نێردراوه و وه‌ڵامیشمان بۆ هه‌ر دوو ڕه‌شنووسه‌كه هه‌بووه.
ڕاگه‌یێندراوه‌که زیادی ده‌کات: ئێمه چه‌ند جارێک ئاماده‌ییی خۆمان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور نیشان داوه به‌ڵام هه‌موو جارێک وه‌ڵامی به‌غدا نه‌رێنی بووه و ئاراسته‌كردنی ڕه‌وشی ئێستا بۆ شهر، له‌وانه‌یه ببێته هۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره بۆ عێراقییه‌كان به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه.
له‌و ڕاگه‌یێندراوه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش کراوه: له سۆنگه‌ی باوه‌ڕ بوونمان به مافه‌كانمان هه‌ر وه‌ک له ده‌ستووری عێراقیدا هاتووه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئاشتیین و بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی گشتییش، داوای گفتوگۆیێكی بونیاتنه‌ر و ڕاشكاوانه ده‌كه‌ین به مه‌به‌ستی دروست كردنی پاشه‌ڕۆژێكی پارێزراو بۆ نه‌وه‌كانی گه‌لی عێراق. داوا له مه‌رجه‌عه گه‌وره‌كان و ته‌واوی پارته عێراقییه‌كان و ڕێكخراوه سڤیله‌كان و هه‌موو ئه‌و هێزانه ده‌كه‌ین كه باوه‌ڕیان به ده‌ستوور و ئاسایش و ئاشتی هه‌یه، دژی هه‌موو هه‌وڵێک بوه‌ستنه‌وه كه ده‌بنه هۆی دروست كردنی فیتنه له نێوان هه‌ر دوو گه‌لی كورد و عه‌ره‌ب، ڕێگری له‌وه‌ش بكه‌ن به توندوتیژی و شه‌ڕ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
سه‌رچاوه: سبه‌ی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment