وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامێکی توندی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌داته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یێكدا وه‌ڵامی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌داته‌وه‌ و رای‌ده‌گه‌یێنێت: فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان راگه‌یێندراوێكی دوور له‌ راستیی ده‌ركردووه‌ و بانگه‌شه‌ی رێككه‌وتنی كردووه‌ له‌گه‌ڵ شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرێت رێككه‌وتن نییه‌ و ته‌نها نامه‌یێكه‌ له‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ک وه‌ڵامێک بۆ ده‌ستپێشخه‌ری هه‌رێم و راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ره‌وانه‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ گفتوگۆی سیاسی جددی بكرێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ یه‌كێک له‌ ته‌وه‌ره‌كانی ئه‌و نامه‌یه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان بریتی بووه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كان‌ كه‌ ناده‌ستوورییه‌ و به‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لی كوردستاندا سه‌پێنراوه‌.

وه‌زاه‌رتی پێشمه‌رگه‌ راشی‌ده‌گه‌یێنێت: وه‌ڵامی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، لووتبه‌رزی و غرووری پێوه‌ دیاره‌ و داواكاریی ناده‌ستووری و ناواقیعیی له‌ خۆی گرتووه كه‌ مه‌ترسی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییان و هاوكات تۆمه‌تی ناڕه‌وا و بێ‌بنه‌ماشی له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان هه‌ڵبه‌ستووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور، كه‌ نابێت هێزی سه‌ربازی بۆ كێشه ناوخۆییه‌كان به‌كاربهێندرێت، به‌ تۆپهاوێژ و مووشه‌كه‌ و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی دروستكراوی ئه‌مه‌ریكی، هه‌وڵی پێشڕه‌وی كردن ده‌ده‌ن".

روونیشی ده‌كاته‌وه:‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان له‌ پێگه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگرین و به‌رگری له‌ ئیراده‌ و كه‌رامه‌ت و موڵک و ماڵ و شه‌ره‌ف و گیانی ملیۆنان نه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری ئه‌و چاره‌نووسه‌ ره‌شه‌ نه‌بنه‌وه‌ كه‌ ئێستا هاووڵاتییانی دووزخورماتوو و داقووق و كه‌ركووک و ناوچه‌كانی دیكه‌ تێی كه‌وتوون.

هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا ده‌كات به‌ دانووستان و گفتوگۆی سیاسی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.

جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه: وێڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ و ئیدانه‌كردنی ته‌واوی ناوه‌ڕۆكی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری ماونه‌ته‌وه‌ و بێ هیچ دوودڵییێک به‌رگری له‌ ژیان و به‌رژه‌وه‌ندییه ره‌وا و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كات.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جارێكی دیكه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ تاكه‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان گفتوگۆی سیاسییه‌ نه‌ک زمانی "هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و درۆ".

له‌ كۆتاییدا جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌: له‌ هه‌ر وڵاتێک و هه‌ر شوێنێک له‌و جیهانه‌دا، هێرشكه‌ر به‌ سته‌مكار و به‌رگریكاریش به‌ سته‌مدیده‌ داده‌نرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8201

Your Comment

You are replying to: .
captcha