کورده‌کانی سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاش و له‌گه‌ڵ ڕووسیاش هه‌ماهه‌نگن

به‌شی جیهان- سه‌رۆکی پێشووی یه‌کێتیی دیموکراتیکی کورده‌کانی سووریا ده‌ڵێت: هێزه‌کانی کوردی سووریا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌ باری سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیاش له‌ عه‌فرین پێوه‌ندیی چاکیان هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆکی پێشووی PYD به‌ سپۆتنیکی وتووه‌: هێزی دیموکراتیکی کورد- عه‌ره‌بی سووریا له‌ ده‌ڤه‌ری عه‌فرین له‌گه‌ڵ ڕووسیا هه‌ماهه‌نگیی ته‌واویان هه‌یه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موان ڕێککه‌وتووین چ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و چ له‌گه‌ڵ ڕووسیا. ئێمه‌ له‌ جموجووڵه‌کانماندا ئازادین. هێزه‌کانمان سه‌ره‌ڕای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، له‌ ده‌ڤه‌ری عه‌فرین له‌گه‌ڵ ڕووسیاش هه‌ماهه‌نگن.

موسلیم هیوای ئه‌وه‌ی خواست ڕووسیا په‌ره‌ به‌ ئاشته‌وایی له‌ سووریا بدات.

ناوبراو هه‌روه‌ها جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ ڕووسیا ده‌توانێت په‌یامی ئاشتیی پێ بێت بۆ گه‌لی سووریا و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بۆ پرسه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی تێکڕای ئیتنیکه‌کان به‌ کورد و ئاشووری و عه‌ره‌به‌وه‌ ئاراسته‌ بکات هه‌ر بۆیه‌ش ڕووسیا ده‌توانێت ده‌ورێکی ئه‌رێنی بگێڕێت بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنان به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8173

Your Comment

You are replying to: .
captcha