بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە بەیاننامەیێکدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەڵێت، بڕیاریان داوە بە "هەڵوەشاندنەوەی پەسەند کردنی ئەو لیستە نوێیانەی کە خۆیان تۆمارکرد بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ١/١١/٢٠١٧، هەر بۆیە هیچ لیستێک بۆی نییە بانگەشە بکات بەو ناوەوە، چوونکە ئەو پەسەند کردنە تەنها بۆ مەبەستی بەشداری کردن بووە لەو پرۆسەیە".
کۆمسیۆن بڕیاریشی داوە بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک بارمتە لەلای کۆمسیۆن بووە لە بەرامبەر تۆمارکردنی ناوی لیستی قەوارە سیاسییەکان.
هەر سەربارەت بە هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "لەپاش دیاریکردنی وادەیەک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە داهاتوودا، کۆمسیۆن دەرفەتی تر دەڕەخسێنێ بۆ تۆمارکردن و پەسەند کردنی لیست و قەوارەکان."
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠١٧ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناوی ٢١ قەوارەی پەسەند کرد، کە دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment