قانع نه‌بووین؛ یاساشکێنی و گوشاری سیاسی‌ له‌ سه‌ر ده‌زگای داد به‌رده‌وامه‌

به‌شی تورکیا- وته‌بێژی HDP ڕای­گه‌یاند که‌ له‌ دیدار له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی دادگه‌ی ده‌ستووری تورکیا قه‌ناعه‌تی نه‌هێناوه‌ و یاساشکێنی و گوشاری سیاسی له‌ سه‌ر دادگه‌ی ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌ درێژه‌ی هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عوسمان بایده‌میر وته‌بێژی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان پاش دیدار له‌گه‌ڵ زۆهتی ئه‌رسه‌ڵان، سه‌رۆکی دادگه‌ی ده‌ستووری تورکیا له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێراندا وتی: له‌و دیداره‌دا پێشێل کردنی مافی نوێنه‌رانی په‌رله‌مان، گوشارخستنه‌سه‌ر ده‌زگای داد، پاکتاوی سێیه‌مین پارتی گه‌وره‌ی تورکیا له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ و پێشێل کردنی یاسا و ڕێساکان و ڕێککه‌وتننامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و یاسایی خرایه‌ گه‌ڕ. ئێمه‌ تا ئه‌و کاته‌ی عه‌داڵه‌ت ده‌سته‌به‌ر نه‌بێت و دادگه‌کان به‌پێی‌ ویژدان بڕیاری خۆیان ڕانه‌گه‌یاندووه‌ درێژه‌ ده‌ده‌ین به‌ هه‌وڵه‌کانی ویژدان و عه‌داڵه‌تی خۆمان.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی وته‌کانیدا ڕوونیشی کرده‌وه‌: به‌و دیداره‌ش قانع نه‌بووین. هێشتاکه‌ یاساشکێنی، پێشێل کردنی ده‌ستوور و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ی ده‌ستوور به‌رده‌وامه‌. تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و که‌موکورتییانه‌ به‌رده‌وام بێت دادگه‌کان به‌ ئیراده‌ی ئازادی خۆیانه‌وه‌ بڕیار ده‌رنه‌که‌ن و گوشاری سیاسی هه‌ڵنه‌گیرێت ئێمه‌ درێژه‌ به‌ ڕێبازه‌که‌مان ده‌ده‌ین. ئێمه‌ وه‌کوو ئه‌و که‌سانه‌ی سته‌میان لێکراوه‌ لێره‌ داکۆکی بۆ مافی خۆمان ده‌که‌ین و به‌ دوای عه‌داڵه‌ته‌وه‌ین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8107

Your Comment

You are replying to: .
captcha