25ی سێپتێمبێر رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە گوتارێکدا بۆ هونەرمەند و رۆژنامەنووس و نووسەران لە شاری هەولێر مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان کرد و وتی رۆژی 25ی سێپتێمبێر رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆییە بەڵام هەنگاوەکانی دیکە پێویستی بە کار کردنە و ئەگەر بکرێت پێش نەورۆزی 2018 سەربەخۆیی رادەگەیێندرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رای­گەیاند: گوشارێکی زۆر بۆ دواخستنی گشتپرسی هەیە، بەڵام سوورن لە سەر بڕیارەکەیان، پاشگەزبوونەوە نییە و لە 25ی سێپتێمبێردا هەر دەکرێت.

بارزانى راشی­گەیاند، بڕیاردان بۆ ئەنجام­دانی گشتپرسی پێچەوانەی هیچ یاسایێکی نێودەوڵەتی نییە و مافی چارەنووس مافێکی رەوایە و ئێمە هیچ یاسا و رێسایێکی نێودەوڵەتیمان پێشێل نەکردووە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاری گشتپرسی بڕیاری هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو نەک حیزب و تاکە کەسێک، گشتپرسی نە موزایەدەیە و نە کارتی فشار، بەڵکوو مافێکی رەوای گەلەکەمانە".

لە بارەی مانەوە لەگەڵ عێراق، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراق شەراکەت نییە و دەستووری عێراق پێشێل کراوە بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری گشتپرسی داوە. بە ئاماژە کردن بەوەی لە عێراق مەزهەبییەت حوکم دەکات، وتی: "یەک رێککەوتنمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەکردووە تا سەر جێ­بەجێی بکەن و پێشێل نەکرابێت".

بارزانی دەڵێت "مادام لە بەغدا شەراکەتتان قەبووڵ نییە نابێت گلەییش بکەن لە جیا بوونەوە. دەستووری عێراقیش رێگەمان پێدەدات گشتپرسی ئەنجام­بدەین"

لەبارەی قۆناخی داهاتووی دوای گشتپرسی، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی 25ی سێپتێمبێر رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆییە بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردوام دەبێ بە بەشداری سەرکردایەتیی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان.

بارزانی ئاشکراشی کرد، "فشاری زۆر هەبووە بۆ دواخستنی گشتپرسی، ئێمە داوای بەدیلمان کرد و تاوەکوو ئەمڕۆش بەدیلیان نییە و ئێمەش سوورین لەسەر ئەنجام­دانی گشتپرسی".

لە بارەی دەوڵەتی کوردستان، بارزانی گوتی "دەوڵەتی داهاتووی کوردستان کۆماری - فیدراڵی دەبێت و بەهەموو شێوەیێکیش دیموکراسی دەبێت، بڕیاری کۆتاییش لای گەلی کوردستانە". دەشڵێت "داهاتووی کوردستان لە هەموو روویێکەوە باشتر دەبێت و دڵنیا دەبین لە داهاتووی خۆمان.. لە ماوەی رابردووشدا سەلماندوومانە فاکتەری سەقامگیرین بۆ دراوسێکانمان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە " دەرفەتی زۆرمان هەبووە لە رابردوو بەڵام رەنگە ئەمە دوا دەرفەت بێت، خۆزگا زووتر ئەم بڕیارەمان دەدا. ئەگەر ئەم دەرفەتە لە دەست بچێت خودا دەزانێ دەرفەتی وا کەی دووبارە ببێتەوە.. یان دەبێت لەم قۆناخە دەربچین و یانیش دەبێت دەست لە هەموو شتێک هەڵگرین و بیدەینە دەست قەزا و قەدەر.. قەت نەمگوتووە ئەم پرسە موجازەفەی تێدا نییە، بەڵام موجازەفەی چاوەڕوانی کوشەندەترە".

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتان، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد "رەنگە بۆ ماوەیێک فشارمان لێبکەن بەڵام جیهان لە سەر بەرژەوەندی دەڕوات و ئەوانیش مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقع دەکەن. ئەوان پێشتر لەگەڵ فیدراڵی نەبوون، لەگەڵ بوونی پێشمەرگە نەبوون بەڵام ئەمری واقع ناچاری کردن".

لەبارەی دەنگی بەڵێ و نەخێر، بارزانی رای­گەیاند "بەڵێ یان نەخێر ئەو پەڕی دیموکراتییەتە و دەبێ خۆیان هەڵیبژێرن کە دەنگ بە چی دەدەن، ئەوانەی دەڵێن نەخێر دەبێت وەڵامی گەل بدەنەوە. قەت لەو بڕوایە نەبووم کەس لە کوردستان بڵێت نەخێر، ئەگەرچی مافی خۆیانە".

لە بارەی رەوشی ژیانی خەڵک و دۆخی ئابووری، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "دەبێت حکوومەت رێگەچارە بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە و حیزبەکانیش دەبێت یارمەتیدەری حکوومەت بن نەک تەنیا هەر رەخنە بگرن".

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8064

Your Comment

You are replying to: .
captcha