به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌فته‌ی ڕابردوو پۆلیسی سکۆتله‌ند هه‌ڵی کوتایه سه‌ر ژماره‌یێک له کورده‌کانی دانیشتووی ئێدینبرۆ و ماڵی هاووڵاتییانی کوردی ئه‌و شاره‌ی پشکنی. پۆلیس به ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه و شاهێد له‌سه‌ر هاوکاریی ئه‌و کوردانه له‌گه‌ڵ گرووپی په‌که‌که ماڵه‌کانی ده‌پشکنی. سکۆتله‌ند په‌که‌که به گرووپێکی تیرۆریستی ده‌زانێت.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی پۆلیسی سکۆتله‌ند کاردانه‌وه‌ی توندی کورده‌کانی لێکه‌وته‌وه و کورده‌کان به توندی نیگه‌رانیی خۆیان هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی پۆلیس ده‌ربڕیوه. بڕیاره پۆلیسی سکۆتله‌ند ئه‌مڕۆکه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی کورده‌کانی دانیشتووی سکۆتله‌ند له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گفتوگۆ بکات.
کورده‌کان ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی پۆلیس ده‌به‌ستن به دامه‌زراندنی کۆنسووڵخانه‌ی تورکیاوه له ئێدینبرۆ بۆیه‌ش به ڕۆژنامه‌ی ئه‌له‌کترۆنی نه‌شناڵ سکۆتلهندیان ڕاگه‌یاندووه: له سێ ساڵ پێشه‌وه که کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا له ئێدینبرۆ کرایه‌وه کورده‌کان به‌رده‌وام گوشاریان ده‌خرێته سه‌ر.
ئێزگی دێنلی ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی کورده‌کانی دانیشتووی سکۆتله‌ند ده‌ڵێت: کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا پێش سێ ساڵ له ئێدینبرۆ دامه‌زرا و له‌و کاته‌وه پۆلیسی سکۆتله‌ند که‌وتۆته ژێر دزه و گوشاری کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا.
به وته‌ی میدیاکانی سکۆتله‌ند له هه‌ڵمه‌ته‌که‌ی حه‌فته‌ی ڕابردووی پۆلیس بۆ سه‌ر ماڵی کورده‌کانی دانیشتووی ئێدینبرۆ که‌س ده‌ست به سه‌ر نه‌کراوه چوونکه به‌ڵگه‌یێک نه‌دۆزراوه‌ته‌وه که بیسه‌لمێنێت ئه‌وان پاڵپشتیی په‌که‌که‌یان کردووه. پۆلیس ته‌نها ئاڵای یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG)یان دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌و گرووپه هێزی کوردی سووریا‌ن و وه‌زاره‌تی ئاسایشی سکۆتله‌ندیش به پێچه‌وانه‌ی په‌که‌که گرووپی YPG به گرووپێکی تیرۆریستی نازانێت.
به گوێره‌ی ڕاپۆرتی میدیاکانی سکۆتله‌ند پۆلیس له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و وڵاته له ڕێوڕه‌سمی ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ڕابردوودا که 800 تاکی کوردی تێدا به‌شدار بوون ده‌ستیان داوه‌ته کۆ کردنه‌وه‌ی یارمه‌تیی دارایی بۆ په‌که‌که.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ئینتێرنێتیی نه‌شناڵ سکۆتله‌ند
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment