به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران سه‌باره‌ت به نه‌خشه‌ڕێگا و به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕه‌هه‌نده جۆربه‌جۆره ئابووری، سیاسی و فه‌رهه‌نگییەکانی شی کرده‌وه و پرسه گرینگه‌کانی ئه‌مڕۆکه‌ی ئێرانی خسته‌ڕوو.
ڕۆحانی له یه‌که‌م به‌شی وته‌کانی خۆیدا پرسی بێکاریی خسته ڕوو و وتی: چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی بێ‌کاری ئه‌وله‌وییه‌تی کابینه‌ی دوازده‌هه‌مه و ئه‌مڕۆکه له پرسی ئابووریدا پێشکه‌وتنمان بووه و مووچه‌ی کرێکاران و فه‌رمانبه‌رانیش زیاتر له هه‌ڵاوسان زیاد ده‌کرێت.
ناوبراو سه‌باره‌ت به گه‌مارۆوه ئابوورییه‌کانی دژ به ئێرانیش وتی: ئه‌مڕۆکه گه‌مارۆکان هه‌ڵگیراون. به ڕای من گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌ماڕۆوه پێشووه‌کانی ئێران مومکین نییه ئه‌گه‌رچی ئه‌مریکا گریمانه‌ی خۆی لایه، به‌ڵام به هیچ له‌ونێک گه‌مارۆوه پێشووه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئێستا هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی نیسبه‌ت به ئێران به ته‌واوه‌تی گۆڕاوه.
ڕۆحانی له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا تیشکی خسته‌سه‌ر قه‌یرانی که‌م ئاوی و وشکه‌ساڵی و وتی: ئه‌وه ڕاستییێکی کۆمه‌ڵگاکه‌یه و ده‌بێت چاره‌سه‌رێکی بۆ بدۆزرێته‌وه. هه‌روه‌ها که هه‌ندێ کێشه‌ی ژینگه‌مان چاره‌سه‌ر کردووه بیر له تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی وشکه‌ساڵیش ده‌که‌ینه‌وه.
سه‌رۆک کۆمار سه‌باره‌ت به پێکهاته‌ی کابینه‌ی دوازده‌هه‌م و ڕه‌خنه‌کان له‌سه‌ر پشکی گه‌نجان و خانمان له‌و کابینه‌یه‌دا وتی: من دان به ڕه‌خنه‌کاندا ده‌نێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێهاتوویی و پۆتانسیه‌لی چینی گه‌نجان زۆر زیاتره و ده‌توانن ئاڵوگۆڕی مه‌زن بخولقێنن. هه‌ر بۆیه‌ش فه‌رمانم داوه به‌و مه‌به‌سته تێکڕای وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م لانی که‌م دوو گه‌نجی لێهاتوو له پۆستی جێگری وه‌زیر، ڕاوێژکاری وه‌زیر یان یاریده‌ده‌ری وه‌زیر به‌کار بهێنن و خانمانیش له پۆسته هاوشێوه‌کاندا که‌ڵکیان لێوه‌ر بگیردرێت.
ڕۆحانی جه‌ختیشی کرده‌وه: ئێمه له ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م و دوازده‌هه‌مدا ئاوڕمان له پرسی ئایینزاش داوه‌ته‌وه. هه‌ندێک له به‌خشداران و قایمقامان و جێگرانی پارێزگار و جێگرانی وه‌زیرانی ئێمه له ئه‌هلی سوننه بوون. ئه‌هلی سوننه برای ئێمه‌ن، هاووڵاتیی ئێمه‌ن و پێویسته تێکڕای ئێرانییه‌کان که‌ڵک له ده‌رفه‌ته‌کان وه‌ربگرن.
سه‌رۆک­کۆمار هه‌روه‌ها ڕه‌تیشی کرده‌وه بۆ پێکهێنانی کابینه‌که‌ی گوشاری له‌سه‌ر بووبێت له لایه‌ن حزب یان تاکێکه‌وه و وتی: ئاساییه هه‌موو حزبێک پێخۆشه نوێنه‌ری هه‌بێت له پێکهاته‌ی ده‌وڵه‌تدا. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م سه‌روو حزبییه.
سه‌رۆک­کۆمار له درێژه‌ی وته‌کانیدا ئه‌خلاقی به ستراتێژیی سه‌ره‌کیی ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م زانی و وتی: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ڕێبازی پێشکه‌وتن بگرینه‌به‌ر ئه‌وه به‌بێ ئه‌خلاق و به‌بێ ئاوڕدانه‌وه له بایه‌خه نیشتمانی و ئایینییه‌کان ناگه‌ینه ئامانجه‌کانمان.
ناوبراو بڕیاری یارمه‌تیدانی چینی مامۆستایانیشی دا و وتی: ئێمه به‌گوێره‌ی توانای خۆمان یارمه‌تیی ئه‌و چینه گرینگه ده‌ده‌ین و له ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌مدا مووچه‌ی مامۆستایان تا ڕاده‌ی دوو قات زیاد کرا. له ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌میشدا دیسان ئاوڕ له‌و به‌شه ده‌ده‌ینه‌وه.
ڕۆحانی باسی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشی کرد و وتی: ده‌وڵه‌ت هه‌وڵی خۆی له باره‌ی پێش‌گرتن له په‌ره‌سه‌ندنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده هۆشبه‌ره‌کان له وڵات‌دا داوه و تا ڕاده‌یێکیش سه‌رکه‌وتوو بووه.
ناوبراو سه‌باره‌ت به قه‌یرانی هه‌ژاری و نه‌داریش وتی: نه‌داری علت العللی زۆرینه‌ی قه‌یران و خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و پرسه به هه‌ند وه‌رده‌گرین و به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به هاووڵاتییانم داوه ده‌وڵه‌تی دوازده‌هه‌م هه‌وڵ ده‌دات تا کۆتاییی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ته‌واوه‌تی قه‌یرانی نه‌داری له وڵات‌دا له‌ناو به‌رێت و له سه‌ده‌ی نوێیدا چیتر نه‌داری له ئێران بن­بڕ کرابێت.
سه‌رۆک­کۆمار سه‌باره‌ت به پرسی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی بێکاریش ئاشکرای کرد: هه‌موو ساڵێک له ئێران یه‌ک ملیۆن که‌س به‌دوای کاردا ده‌گه‌ڕن و تێکڕای ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی هه‌لی کار که ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت بیڕه‌خسێنێت 650 هه‌زار ده‌رفه‌ت بووه به‌ڵام له ساڵی 92 تا 95 توانیمان 950 هه‌زار ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنین بۆ کار کردن.
ناوبراو درێژه‌ی پێدا: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین ساڵانه 1 ملیۆن هه‌لی کار بڕه‌خسێنین دیسان کێشه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی پێشتر بێکار بوون وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.
ڕۆحانی له وڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا که ئایا ڕه‌فتاره‌کانی تره‌مپ به قازانجی ئێمه‌یه؟ وتی: ئه‌وه پرسیارێکی دژواره. نه سیاسه‌توانه ئه‌مریکییه‌کان، نه خه‌ڵکی ئه‌مریکا و نه ته‌نانه‌ت هاوحزبییه‌کانی تره‌مپیش ناتوانن وڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه. هه‌ڵبه‌ت مومکینه ئه‌و ڕه‌فتارانه به قازانجی ئێمه بێت. چوونکه ئه‌مریکا ئێستا بۆ وه‌گرتنی کۆده‌نگیی دژ به ئێران له هه‌لومه‌رجێکی دژواردایه. ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه پێشتر هه‌ر کات بیانویستایه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌کانیان دژ به ئێران ده‌گه‌شتنه ڕێکه‌وتن. به‌ڵام ئێستا تێکڕای 28 وڵاتی ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک­کۆماری فه‌ڕه‌نسا دان به‌وه داده‌نێن که ئێمه پێبه‌ندی به‌رجامین. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه هه‌رگیز وه‌کوو ده‌ستپێکه‌ر ده‌قی به‌رجام پێشێل ناکه‌ین.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment