بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەگێستی 2017، رێکس تیلەرسەن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییێکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی گشتپرسییان تاوتوێ کردووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشیی لە بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کردووە بۆ بڕیاری پێکهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەمەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەکان.
ئەوەیشی بە بارزانی گوتووە کە پێی باشە گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان دوابخرێ و پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردووەتەوە.
لەبەرامبەردا بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە بەم نزیکانە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان کوردستان و بەغدا.
لەبارەی داواکاری بۆ دواخستنی گشتپرسی، بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای راگەیاندووە، ئەو پێکەوەژیانەی کوردستان لە رابردوو و لە قۆناخی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا جێبەجێ نەکرا، هەر بۆیە گەلی کوردستان بڕیاری دا رێگەی خۆی بگرێتەبەر.
بارزانی ئەوەیشی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خستووەتە ڕوو کە پرسیار ئەوەیە لەبەرامبەر دواخستنی گشتپرسی چ زەمانەتێک و چ بەدیلێک هەیە بۆ ئاییندە و دیاری­کردنی چارەنووسی گەلی کوردستان؟
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بڕیاریان داوە لە هەموو هەنگاو و پێشهاتە سیاسییەکانی ئاییندەدا هاوکار و هەماهەنگ و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
سەرچاوە: ڕووداو
Your Comment