بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی 7ی ئازاری رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی کردووە، رۆژی 2ی ئازاری رابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە.
بە پێی ئەو وێنانەی بڵاو کراونەتەوە هەردوو دیدارەکە لەیەک شوێن و لەیەک هۆڵدا بووەن واتا دیدارەکەی بارزانی و عەلاوی و دیدارەکەی قوباد تاڵەبانی و گۆتێرێس، بەڵام دیدارەکە پێنج رۆژی جیاوازیان هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی (درەو) شوێنی هەردوو دیدارەکە میوانخانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کە دەکەوێتە ناو ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لەناو شاری هەولێرە.
دەرکەوتنی مەسعود بارزانی لە میوانخانەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا لە کاتێکدایە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی بۆ کەسی یەکەمی حزبە کوردستانیەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمکردووەو مەسعود بارزانی بەشدار نەبووە لە هیچ یەکێک لەو کۆبوونەوانەی کە نێچیرڤان بارزانی رێکی خستووە.
لە هەمانکاتدا قوباد تاڵەبانی لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، بەڵام لە میوانخانەیەکی سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەردەکەوێت و بەشداری لە کۆبوونەوەو دیدارەکاندا دەکات.
ئەم دیدار و کۆبوونەوانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، تیمی حکومی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن، زۆربەی وەفد و نوێنەری وڵاتانی جیهان کە دێنە هەولێر لەگەڵ هەردوولا کۆدەبنەوەو داوای چارەسەری کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکەن.
Your Comment