حکوومەتی عێراق ڕێکاری گێرانەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی خۆیان دەگرێتەبەر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حکوومەتی عێراق نیازی هەیە 25 کامپی تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابخات و ڕێکاری گێرانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو ئاوارانە بەرەو ناوچەکانی خۆیان بگرێتەبەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەریم نووری بریکاری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە بەرنامەی حکوومیی محەمەد شیاع سوودانی گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی ئاوارەکان و گێڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بەرەو ناچەکانیان دەدات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ داخستنی 25 کامپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە جووڵە کردووە.

لای خۆیەوە، یاسین عەزیز شرۆڤەکاری سیاسیی بە سکای نیوزی راگەیاندووە، حکوومەتی عێراق زۆر دەمێکە بەرنامەی داخستنی کامپی ئاوارەکان و گێڕانەوەیانی بەرەو ناوچەکانی خۆیان هەیە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کردووە لەبەر فاکتەی مرۆیی پابەندی بڕیارەکە نەبووە.

عەزی باسی لەوەش کردووە بەشێک لە ئاوارەکان لەبەر هۆکاری ئەمنیی نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارییەکان لەناو ناوچانەدا کە لە هێزە چەکدارییە فەرمییەکانی حکوومەت بەهێزترن، هەربۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە کە ناتوانێت ئاوارەکان ناچار بکات بەرەو ناوچەکانیان بگەڕێنەوە.

ئەوەش هاتووە: لە ئێستادا دوو جۆر ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، یەکەمیان هێشتا لەناو کەمپەکاندا دەژین، لە کاتێکدا بەشێکی زۆریان دوای دۆزینەوەی هەلی کار چوونەتە شارە گەورەکان، لە کاتێکدا بە گشتی ئاوارەکان بەرەو دابەزین دەچێت و ئێستا ژمارەیان لەناو هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 هەزار ئاوارەیە.

شایانی باسە 9 ساڵ بەر لە ئێستا دانیشتوانی چەند شار و شارۆچکە و گوندی عێراق بەهۆی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بوون.

News Code 7825

Your Comment

You are replying to: .
captcha