وەزیری دەرەوەی ئێران: تیرۆریزم لەسەرچاوەی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستانەوە نیگەرانیی هاوبەشی ئێران و تورکیایە

بەشی ئێران- وەزیری دەروەی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ڕایگەیاند: ئامادەبوونی ئیسرائیل لە قەفقاز پرسێکی زۆر گرینگە و ئێران هەموو لایەنەکان لەبارەی ئیسرائیلەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا جێگیر نەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەورەی ئێران و مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ئاشكرا كرد.

چاوشئۆغڵو وتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لێرە لە ئەنقەرە بوو، ئێمەش لە ڕێگەی تەلەفۆن و ڕێگەی دیکەوە بەردەوام لە پەیوەندیداین، ئه‌مڕۆ فایلەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئابووری، بازرگانیمان تاوتوێ کرد".

ناوبراو جەختیشی لەوەکردەوە کە "هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بابەتێکی زۆر گرنگە لە نێوانماندا"، ئاماژەی بەوەش کرد، "پرسە ناوچەییەکان وەک قەیرانی ئۆکرانیا کە خەریکە دەچێتە ساڵی دووەمی خۆیەوە، ڕێککەوتنی دانەوێڵە و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، تاوتوێ کران".

چاوشئۆغڵو باسی له‌وه‌ش كرد، "باسمان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کرد و پێمانوایە کە پێویستە بە زووترین کات لە نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا واژۆ بکرێت"، هه‌روه‌ها سوپاسی ئێرانی کرد بۆ "پشتیوانیەکانی بۆ توركیا و ئەو هاوکاریانەی کە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا پێشکەشی کردین".

لە بەرامبەردا عەبدوڵڵاهیان وتی: "ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ سەردانی ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تورکیا لە داهاتوودا".

ئاماژەی بەوەش کرد: "كۆبوونه‌وه‌ی ئەمڕۆمان دەرفەتێکی نایاب بو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان و زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان دوو وڵات".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتیشی، "گرنگێکی زۆر بە پەیوەندیی وشکانی دەدەین لە ڕێگەی ڕێڕەوی وشکانی نێوان تورکیا و ئێران، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەن کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر پێکهێنراون و بەردەوامن لە کار کردن بەو پەڕی هێزەوە".

ناوبراو روونیشی كرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا "باسمان لە مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر بۆ دوو وڵاتەکەمان و هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد لە باکووری عێراق و داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا، پێمانوایه‌ ئاسایشی تورکیا ئاسایشی ئێرانە و بەپێچەوانەشەوە".

لە کۆتاییدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەبارەی ئامادەبوونی ئیسرائیل لە قەفقاز هۆشداری داو وتی: ئامادەبوونی ئیسرائیل لە قەفقاز پرسێکی زۆر گرینگە و ئێران هەموو لایەنەکان لەبارەی ئیسرائیلەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا جێگیر نەبێت.

News Code 7816

Your Comment

You are replying to: .
captcha