بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ شاندێکی یاسایی حکوومەتی هەرێم گەیشتوەتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆ دەبێتەوە، هەروەها شاندێکی دیکەش بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆ دەبێتەوە و لەم کاتەشدا "لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە و خاڵی ناکۆکیش هەیە، بەڵام خواست بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیش هەیە".
ئەوەشی خستوەتەڕوو، "وەک هەرێمی کوردستان شەراکەتی راستەقینەمان دەوێت و دەمانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراق بێت، دەستوریش تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئێمەش خواستی ئەوەمان هەیە و داواش دەکەین بەشداربین لە بڕیاری سیاسی، سیاسەتی نەوت و دارایی عێراق".
پەیوەست بە فرۆشتنی نەوتیش بە تورکیا، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی، هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ فرۆشتنی نەوت بە تورکیا بەڵکوو رێککەوتن هەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەناوی خاکی تورکیادا، بۆیە بابەتی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت بابەتێکە حکوومەتی هەرێم بە شەفافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
لە کۆتاییدا پەیوەست بە بەشداری نەکردنی تیمی یەکێتیش لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لەوەکرد، ئەوان لەسەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم داوایانکردوە ململانێی حزبی نەهێنرێتەناو کاروباری حکوومەت، چوونکە کاروباری حکوومەت نابێت بوەستێت و دەبێت راییکردنی کاروباری خەڵک بەردەوام بێت، ئێستاش هیچ کەسێک بە تیمی یەکێتی نەوتووە بەشداری بکەن یان بەشداری مەکەن، ئەوان خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە، "ئێمەش جەخت دەکەینەوە لەوەی سەرەڕای کێشەکان بەڵام دەبێت کاروباری حکوومەت بەردەوام بێت".
بەشی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شاندی یاسایی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە و نەوت و گاز، سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
News Code 7744
Your Comment