دکتۆر دەیڤید ڕۆمانۆ شرۆڤەکاری پرسی کورد و مامۆستای زانکۆی میزۆری ئەمریکا ڕایگەیاند، هۆکاری لاواز بوونی بەرەی کوردی لە بەغدا سەرقاڵ بوونی دوو حزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستانە بە ململانێ و کێشە ناوخۆییەکانەوەیە.
دکتۆر ڕۆمانۆ لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپرێسدا، ئاماژەشی دا بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لە دژی چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دژایەتی کردنی ئەو دادگایە بۆ ناردنی پارە لەلایەن حکوومەتی ناوەندیەوە بۆ هەرێمی کوردستان و وتی: کێشەی سەرەکی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە ئەمەیە کە دادگاکە بەگوێرەی یاسای بنەڕەتیی عێراق کە لەساڵی 2005 پەسەند کرا هەڵناسێت.
مامۆستاکەی زانکۆی میزۆری زیادی کرد: وا هەست دەکرێت کە دادوەرەکانی ئەم دادگایە -کە باوەڕیان بە فیدراڵی یان لامەرکەزی دەسەڵات نییە- لە سەردەمی سەرۆکایەتی نووری مالیکی دامەزراون. ئەم پرسە عەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دێنێتەوە بیر کە باوەڕیان بە لامەرکەزی نییە.
دکتۆر ڕۆمانۆ هۆشداریشی دا کە لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا، کوردەکان لە عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە.
ناوبراو ئاماژەی دا بەوەی کە شپرزەیی ناوماڵی کورد وای کردووە کە نەتوانێت ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانە ببێتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام بوونی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان یەکڕیز نەبوونی کوردی لە بەغدا لێکەوتۆتەوە.
لە کۆتاییدا دکتۆر ڕۆمانۆ هۆشداریی دا کە کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگەژەکانی بەردەمیان ئامادە نیین ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە یەکێتی و پارتی وەکوو بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەغدا هەوڵ نادەن.
Your Comment