بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بۆ دەربڕینی هاوسۆزیی وڵاتەکەی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئەمداوییەی تورکیا و گەیاندنی یارمەتی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، لە لێدوانێکدا وتی: نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی هێزە کوردییەکانی سووریاوە ڕەوایە.
بەگوێرەی ئەو دەقەی کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، بلینکن لە لێوانێکدا دوای گەشتەکەی بۆ تورکیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناکات.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، هاوکاریی ئەمریکا بۆ هێزە کوردەکانی سووریا تەنها پەیوەندیی بە شەڕی داعشەوە هەیە و بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئەو گرووپەیە.
بلینکن هاوکات ئاماژەی دا بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا و جەختی کردەوە کە ئەمریکا دژی هەر هێرشێکی سەربازیی ئەنقەرەیە بۆسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردەکانی سووریا.
ناوبراو ئاماژەشی بەوە دا کە تورکیا و ئەمریکا سەبارەت بە هەندێک پرس لە سووریا نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە و جەختی لەسەر چارەسەرکردنی نیگەرانییە هاوبەشەکان کردەوە.
وەزیری دەروەی ئەمریکا ئەوەشی ڕاگەیاند کە دەبێت لایەنەکان خۆیان دوور بگرن لەهەر چەشنە گرژی نانەوەیەکی نوێ لە سووریا و دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ نەهێشتی داعش بخرێنە گەڕ.
Your Comment