کۆمپانیای دیلۆیت: داهاتی مانگانەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت 102 ملوێن دۆلارە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمپانیای دیلۆیت ئاشکرای کرد لە کۆی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، تەنها یەک ملیار و 831 ملیۆن دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی هەرێم.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 15/1/2021 راپۆرتی وردبینی و پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و راوێژكاری) تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یەکی کانونی دوەمی 2020 تا 30 ئەیلولی 2020 لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان بڵاوكرایەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتەی كۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی هەناردەو داهاتی نەوت بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 9 مانگی 2020دا كۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستیكەوتوە زیاتر لە 918 ملیۆن دۆلار بووەو بەتێكیڕاش داهاتی مانگانەی هەرێم لەفرۆشی نەوت 102 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئەو كۆمپانیانەی نەوتەكەیان گواستوەتەوە 710 ملیۆن دۆلاریان دەستكەوتوە.

بەپێی ناوەرۆكی راپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆت لەبارەی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم، لەماوەی 9 مانگی 2020دا حكومەتی هەرێمی كوردستان 118 ملیۆن و 997 هەزارو 553 بەرمیل نەوتی فرۆشتوەو كۆی داهاتەكەشی 3 ملیارو 176 ملیۆن و 136 هەزارو 721 دۆلار بووە.

لەبارەی خەرجییەكانی فرۆشتنی ئەو نەوتەشەوە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە: هەرچەندە داهاتی ئەو 9 مانگەی فرۆشتنی نەوت 3 ملیارو 176 ملیۆن و 136 هەزارو 721 دۆلار بووە، بەڵام 2 ملیارو 258 ملیۆن و 21 هەزارو 362 دۆلار خەرجی بووە، بەشێوەیەك تێچووی تێچوی گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە 5 دۆلارو 96.3 سەنت بووەو لەو بڕەش 3 دۆلارو 82.5 سەنتی دراوە بەكۆمپانیای بۆری كوردستان واتە (كار گروپ)، هەروەها 2 دۆلارو 13.8 سەنتیش دراوە بەتوركیا كە بەهەردوولا لەماوەی 9 مانگدا نزیكەی 710 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە لەماوەی 9 مانگی 2020دا بەتێكڕا ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێم فرۆشتویەتی بەرمیلێكی بە 26 دۆلارو 34.8 سەنت فرۆشتوەو 13 دۆلارو 50 سەنت كەمتر لەنرخی نەوتی برێنت فرۆشراوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە بڕی 913 ملیۆن و 666 هەزارو 605 دۆلاریش پارەی پێشەكی فرۆشتنی نەوت و گۆڕانكاری لە رەسیدی كڕیارەكاندا چۆتەسەر حسابی حكومەت، واتە چۆتەسەر هەژماری داهات، بەڵام داهاتی فرۆشی نەوت نەبووە لەو 9 مانگەدا، تەنها ملیارێك و 831 ملیۆن و 964 هەزار دۆلار كۆی داهات و وەرگرتنی پارەی پێشەكی بووە.

News Code 767

Your Comment

You are replying to: .
captcha