ڕازی بوون بە ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆ، مەرجی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی F16 بە تورکیا

بەشی جیهان- ژماره‌یه‌ک لە سیناتۆرانی ئەمریکا كه‌ سەر بە پارتەکانی کۆماری و دیموکراته‌كانن رایانگەیاند، کۆنگرێس ناتوانێت پاڵپشتی لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F16 بکات بە تورکیا تاوەکوو ئەنقەرە رازی نەبێت سوید و فینلاند پەیوەندی بە ناتۆوە بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئه‌مریكا، 29 سیناتۆری دیموکرات و کۆماری ڕایانگەیاندووە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا هەوڵی تەواو و بە نیەتێکی باش دەدەن بۆ ئەوەی ئەو مەرجانەی ئەندامبوون لە ناتۆدا جێبەجێ بکەن بەڵام ئەنقەرە دەڵێت سوید پێویستی بە ئەنجامدانی كاری زیاتر هەیە.

سیناتۆرەکان لە نامەکەدا نووسیویانە، کاتێک تورکیا پرۆتۆکۆلەکانی پەیوەستبوون بە ناتۆ پەسەندکرد، کۆنگرێس دەتوانێت بیر لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F16 بکاتەوە، ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، پرسیار لەسەر ئەم گرێبەستە هەڵپەسێردراوە دەورووژێنێت".

ئەوە یەکەمجارە کە کۆنگرێس بە ئاشکرا و راستەوخۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە ئەنقەرە و پەیوەستبوونی سوید و فینلاند بە ناتۆوە ببەستێتەوە.

ئیدارەی بایدن چەندین جار پشتڕاستی کردوه‌تەوە کە پشتگیری لە رێککەوتنەکە دەکات، هەروەها رەتیکردوەتەوە هەردوو پرسەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە، بەڵام دانی بەوەدانا کە پەسەندکردنی پەیوەستبوونی هەردوو وڵات بۆ ناتۆ ئاسانکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی پرۆسەی فرۆشتن لە کۆنگرێس.


شایانی باسە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021دا تورکیا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی کرد کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروستکرابوون، لەگەڵ نزیکەی 80 کۆمەڵە پارچەی یەدەگ بۆ مۆدێرن کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی.

News Code 7650

Your Comment

You are replying to: .
captcha